ئایدن مەعروف: دەبێت فراکسیۆنەکان دوای هەڵبژاردن کار لەسەر گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن بکەن

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان

وەزیری هەرێم, بۆ کاروباری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "پێویستە لەسەر هەموو لایەنێک بارودۆخی پێکهاتەکان لەبەرچاو بگرێت و پاڵپشتی مافەکانی پێکهاتەکان بکات، پێویستە فراکسیۆنەکان لە دوای هەڵبژاردن چوونە ناو پەرلەمانی کوردستان، کار لەسەر گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن بکەن".

سێشەممە، 23ـی تەمموزی، 2024، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بابەتی پێکهاتەکان و نەتەوەکان لە هەرێمی کوردستان بابەتێکی هەستیارە، مامەڵەکردنیش لەگەڵ ئەو بابەتە دەبێت بە دانایی بێت.

ئەو وەزیرە دەڵێت، "لە ڕابردوودا زوڵمێکی زۆر لە پێکهاتەکان کرا، بەتایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی کورسیی کۆتا، کە لە 11 کورسی کرایە پێنج کورسی و ژمارەیان کەم کرایەوە، ئێمە پێشووتریش داوای زیادکردنی کورسیی کۆتامان کردبوو، ئێستەش داوای دەکەینەوە".

وەزیری هەرێم ئاماژەی بەوەدا "کۆتا، لە کوردستان بەیاسا دانرابوو بۆ پێکهاتەکان، دوای چەندان کۆبوونەوە و ڕاوێژ لەگەڵ پێکهاتەکان دوا بڕیارمان داوە دەبێت یاسای هەڵبژاردن هەمووار بکرێتەوە و لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان زیاد بکرێتەوە بکرێت بە 15 کورسی بۆ ئەوەی مافی هەموو نەتەوەکان و ئاینەکانی دیکەش بدرێت و بە شێوەیەکی فراوان بەشداری پرۆسەکە بکەن".

دەشڵێت: "دادگای فیدراڵ لە ڕابردوودا بە بڕیارێک کۆتای پێکهاتەکانی هەڵوەشاندەوە، ئێمە دەزانین ئەو بڕیارە سیاسی بوو دژی کۆتا و پێکهاتەکان بوو، لە کوردستان پێکەوەژیانێکی زۆر باش هەیە و لە ئاستێکی باشدایە. لە هەموو کاتێکیش زیاتر کوردستان پشتیوانیی مافەکانی پێکهاتەکانی کردووە، ئەوانە بۆ ئێمەی پێکهاتە زۆر گرنگە".

ئایدن مەعروف ڕاشیگەیاند، "پێویستە لەسەر هەموو لایەنێک بارودۆخی پێکهاتەکان لەبەرچاو بگرێت و پاڵپشتیی مافەکانی پێکهاتەکان بکات، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، بە بەشداریی هەموو لایەنێک و پێکهاتەکان و پێویستە فراکسیۆنەکان لە دوای هەڵبژاردن کە دەچنە ناو پەرلەمانی کوردستان، کار لەسەر گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن بکەن".

Fly Erbil Advertisment