عێراق داوای کردووە لە ماوەی 12 مانگدا هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکشێنەوە

هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق
هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق

شاندی دانووستانکاری هێزەکانی ئەمەریکا داواکارییەکانی شاندی عێراق دەباتەوە واشنتن بۆ ئەوەی پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق تاوتووێ بکەن.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، چوار سەرچاوەی عێراقی ئاشکرایان کردووە، عێراق دەیەوێت هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا، لە مانگی ئەیلولی ئەم ساڵدا دەست بە کشانەوە هێزەکانیان بکەن و تا مانگی ئەیلولی 2025 بە فەرمی کۆتایی بە کارەکانی هاوپەیمانان بهێنن.

ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی سەربازی عێراق، کە نوێنەری پێشمەرگەش تێیدا بووە بڵاوکردەوە، ئاماژەی بەوە دابوو "لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمەریکا بەدواداچوونیان بۆ جموجووڵ و تواناکانی داعش کردووە، لەگەڵ توانای هێزەکانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش".

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا جەختی کردووەتەوە، کۆبوونەوەی ئەمنیی ئەمەریکا و عێراق ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی هەردوو وڵاتە بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی ئەمنیی لەسەر بنەمای کارەکانی لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمەریکا و عێراق لە چەند مانگی ڕابردوودا و وەک ڕێزلێنانێکە بۆ یادی 10 ساڵەی ئەرکی سەربازی هاوپەیمان لە عێراق.

هەر بە گوێرەی سەرچاوە عێراقییەکان و کاربەدەستانی ئەمەریکا، گوایە هەڵوێستی عێراق لەم هەفتەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا لە واشنتن گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ ڕێکەوتنێکی فەرمی لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی یان دانانی خشتەیەکی پەیوەندیدار بە کشانەوەی هێزەکان نەکراوە.