لە عێراق كەرتی تەندروستی لە دۆخێكی خراپدایە
ھاووڵاتیانی عێراق کەرتی تەندروستیی وڵاتەكەیان بە وێرانە ناو دەبەن. عێراق، کە دەوڵەمەندە بە نەوت و سامانی سروشتی، کەرتی تەندروستییەکەی لە مەترسیدایە. هێشتا کێشەی سیستەم و کەمیی دەرمان و پزیشکی باشی هەیە. لە بەغدا دانیشتووانی شارەكە ڕەخنەیان لە کەرتی تەندروستی هەیە و دەڵێن، "بەھۆی نەبوونی سیستەمی پێشكەوتوو و پێداویستیی پزیشكییەوە دۆخی تەندروستی لە لێواری داڕماندایە".
نەخۆشخانەکان لە ئاست ژمارەی زۆری نەخۆشەکاندا نین و پێداویستییە پزیشكییەكان لە نەخۆشخانە حكوومەتییەكان بەردەست نین، لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا، هاووڵاتیان لە پزیشکەکانیش ڕازی نین و پێیانوایە چاودێریی لەسەر کەرتەکە نییە.
دانیشتوویەکی بەغدا دەڵێت، "دۆخی تەندروستی لە عێراق لەخوار سفرەوەیە، چونکە هیچ کەس و لایەنێک چاودێریی ناکات. نەخۆشخانە حکوومەتییەکان دەرمان و پێداویستییان تێدا نییە؛ خەڵکیش توانایان نییە بچنە نەخۆشخانە تایبەتییەکان. دکتۆرەکان لە نەخۆشخانە حکوومەییەکان ڕووگرژ و ناهاوکارن، تا ناچارت بکەن بچیتە نۆرینگە تایبەتەکان بۆئەوەی پارەت لێ وەربگرن".
کەمیی خزمەتگوزاریی لە نەخۆشخانە حكوومەتییەكان و نەبوونی دەرمان و پێداویستی، دانیشتووانی بەغدای ھەراسانكردووە و دەڵێن، "هیچ بایەخێک بە كهرتی تهندروستی نادرێت".
دانیشتوویەکی دیکەی بەغدا، دەڵێت، "پێش ماوەیەک کوڕەکەم بردە نەخۆشخانەیەکی حکوومەتی، دۆخیان زۆر خراپ بوو، هیچ هەماهەنگی لەنێوان دکتۆر و پەرستارەکان نەبوو، دەرمانی پێویستی تیدا نەبوو. ناچاربووم بچم لە دەرەوە دەرمان بکڕم"
بەگوێرەی ئامارێكی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق، له دوای ساڵی 2004ـوه تهنیا 10 نهخۆشخانهی گشتیی له عێراق دروست كراوه و ژمارهیهكی دیكهیش به تهواونهكراوی بهجێ هێڵراون.
هاووڵاتییەکی بەغدا ئاشکرای دەکات " کەرتی تەندروستی لەعێراق وێرانە و سفرە، وڵاتێکی ئاوا لانکەی شارستانیەت بێت ئەوە حاڵی نەخۆشخانەکانی بێت! چۆن دەبێت؟ ئێمە لەساڵی 2024داین، بۆ نەخۆشییەکی بچووک دەچیتە لایان پسوولەی تایبەتت بۆ دەکەن بۆئەوەی لە عیادەکان سەردانیان بکەین، ئەمە دۆخی ئێمەیە لە عێراق".
بەپێی پۆلێنبەندییەکی گۆڤاری سی ئی ئۆ وێڵدی ئەمەریکی، لە كۆی 84 وڵات عێراق لە ڕیزبەندی 79ـەمین وڵاتانی جیهاندایە لە ڕووی خراپیی کەرتی تەندروستییەوە. ھەروەھا بەغداش بە خراپترین پایتەختی جیهان لە ڕووی کوالێتیی کەرتی تەندروستییەوە دادەنرێت.
