لە ناوچەی سەوزی بەغدا دەست بەسەر نۆ ملیار دیناردا گیرا

لیژنەی دەستەی دەستپاکی لە پەرلەمان ڕایگەیاند، تائێستاش لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی وەزارەتی بیناسازی سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی نۆ ملیار دینار لەناو دوو ئۆتۆمبیلدا لە ناوچەی سەوزی ناوەڕاستی بەغدا، بەردەوامە.

هادی ئەلسەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستەی دەستپاکی لە پەرلەمان بە مێدیای ناوخۆی ڕاگەیاند، "تا ئێستاش لێکۆڵینەوە لەسەر پرسی دەستبەسەرداگرتنی بڕی نۆ ملیار دینار لەناو ئۆتۆمبێلێکدا لە ناوچەی سەوزی ناوەڕاستی بەغدا، بەردەوامە". دوای ئەوەی وەزارەتی بیناسازی گوتی ئەوە سولفەی یەکێک لە بەڵێندەرەکان بووە.

ئەلسەلامی ئاماژەی بەوەش کردووە "دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دەکات"، هەروەها "دەزگای داواکاری گشتی و دەسەڵاتی چاودێریی ڕێوشوێنی پێویست سەبارەت بە دۆسیەکە دەگرنەبەر".

هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەی سەوز دوو ئۆتۆمبێلیان ڕاگرتووە، کە بڕە پارەیەکی زۆریان پێ بووە، هەروەها دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلی یەکەمدا گرت کە بڕی پێنج ملیار دیناری هەڵگرتبوو، هاوکات شۆفێری ئۆتۆمبێلی دووەم بە چوار ملیار دینارەوە بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتووە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاوی کردەوە، "هێزە ئەمنییەکان بەڵێندەرێکیان دەستگیر کردووە کە پڕۆژەی پردێک لە بەغدا جێبەجێ دەکات"، گوتیشی: "بەڵێندەرێکی دیکە هەڵاتووە و ئۆتۆمبێلێکەی دەستی بەسەردا گیراوە"، دەشڵێت، "بەڵێندەرەکە پێشینەیەکی بە بڕی نۆ ملیار دینار پێدراوە و لە ناو دوو ئۆتۆمبیل هەڵگرتووە".