ستاڤ ئاسۆ: ژمارەی ئەو گەڕەکانەی کێشەی ئاویان هەیە کەمی کردووە

ستاڤ ئاسۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی
ستاڤ ئاسۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئاماژە بەوە دەکات، ڕۆژانە تیمەکانیان سەردانی ئەو گەڕەکانە دەکەن کە کێشەی ئاویان هەیە و ئاویان بۆ دابین دەکەن. هاوکات جەختی لە بەردەوامی پرۆژەی دابینکردنی ئاو کردەوە و گوتی: 150 ملیۆن دینارمان بۆ پرۆژەکە دابین کردووە.

سێشەممە 23ـی تەمووزی 2024، ستاڤ ئاسۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: قەیرانی کەمی ئاو دیاردەیەکی جیهانییە، بەهۆی گۆڕانەکانی کەشوهەواوە ڕوویداوە کە وای کردووە ئاوی ژێر زەوی کەمبێتەوە، هەرێمی کوردستان کاریگەری ئەو دیاردەی لەسەرە وەک هەموو وڵاتانی جیهان، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەمی ئاو بەردەوامە.

بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕاشیگەیاند: دەزگای خێرخوازیی بارزانی پاڵشت و هاوکاری هاووڵاتییانە لە هەموو قەیرانەکان، لەگەڵ لایەنە پەیوەنیدارەکان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی هەر گەڕەکێکی هەولێر کێشەی کەمئاوی هەبێت بۆیان چارە بکرێت.

ناوبراوی ڕوونیکردەوە، ئەم ساڵ بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو ژمارەی ئەو گەڕەکانەی کە کێشەی کەمئاوییان هەیە زۆر کەمی کردووە. هاوکات گوتی: "ئێستە تەنیا لە 12 گەڕەک کێشەی کەمئاوی هەیە، لە ڕێگەی پرۆژەیەک کە ڕامانگەیاندووە ڕۆژانە بەڕێوەبەرایەتی ئاو گەڕەکەکانمان بۆ دیاری دەکات و ئێمە تانکەرەکانی خۆمانیان بۆ دەنێرین تا ئاویان بۆ دابین بکرێت، هەر ماڵێک نزیکەی 2 هەزار لیتر ئاوی پێ دەدرێت."

ستاڤ ئاسۆ، ئاماژەی بەوە کرد: پرۆژەی دابینکردنی ئاو بۆ گەڕەکەکانی هەولێر لە 15 ـی 7 ـی دەستی پێ کردووە، بە گوژمەی 150 ملیۆن دینار. ئەگەر تێبینی ئەوا کرا پێوست بکات ماوەی پرۆژەکە درێژتر دەکەنەوە و بەردەوام دەبن لە دابینکردنی ئاو بۆ گەڕەکەکانی هەولێر.

جەختی لەوەش کردەوە، هەر کاتێک پەیوەندییان پێوە بکرێت و هەر گەڕەکێک پێویستی بە ئاو بێت ئەوا بە خێرایی بۆیان دابین دەکەن و، لە هەوڵەکانیانیشیان بەردەوام دەبن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئاو.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چوارچێوەی پرۆژەكانیدا پڕۆژەی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە لەو شوێنانە جێبەجێ دەكات كە تووشی كەمئاوی و بێئاوی بوونەتەوە.

ئەمساڵیش دوای ئەوەی چەند گەڕەكی شاری هەولێر تووشی كەمئاوی بوون، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستیان كرد بە دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە لە هەندێك لە گەڕەكەكانی شاری هەولێر، لەوانە گەڕەكی باداوە، ئیسكان، سیمی خاتووناوە، ژیان و زانایان، ئەم پڕۆژەیە لە 15 ـی 7 ـی 2024 ـەوە دەستیپێكردووه‌ و بۆ ماوەی دوو مانگی بەردەوام دەبێت.

هەروەها ڕۆژانە زیاتر لە 200هەزار لیتر ئاو دابەش دەكرێت.  دەزگای خێرخوازیی بارزانی پرۆژەی دابەشكردنی ئاوی پاکی خواردنەوە، بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی شارەكان جێبەجێ دەكات.