لەتیف ڕەشید داوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکات
K24 – هەولێر:
سەرۆککۆماری عێراق لە پەیامێکدا، داوا لە پەرلەمانتارانی عێراق دەکات، ڕۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ پەلەکردن لە هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ پەرلەمانی عێراق.
ڕۆژی 23ـی تەمموزی 2024، لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و داوای لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کردووە، ڕۆلی خۆیان چالاک بکەن لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان لە نزیکترین کاتدا.
لەتیف ڕەشید لەبارەی پەلەکردن لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەو هەنگاوە لەپێناو بەردەوامیدانە بە ڕۆڵی یاسایی و چاودێریی پەرلەمان کە خزمەت بە خەڵک بکات.
ڕۆژی 14ـی تشرینی دووەمی 2023، دادگای فیدراڵی بڕیاری دا کۆتایی بە ئەندامییەتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق بهێنێت، لەو ساتەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە پشکی پێکهاتەی سوننەکانە، لە لایەن جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە کە شیعەیە، بەڕێوە دەبرێت.
تاوەکوو ئێستا چەندان جار سوننەکان کاندیدیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق دیاری کردووە، بەڵام لەنێو خۆیاندا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، کە بەو هۆیەوە کێشە و ناکۆکی لەنێو پێکهاتەکانی سوننە بەردەوامە و نەتوانراوە سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێرن.