كارزان هادی: هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌ر له كۆتایی ئه‌م ساڵ بڕیاری دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران جێبه‌جێ بكرێت

سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر ئاماژه به‌وه ده‌كات، دابینكردنی زه‌وی بۆ فه‌رمانبه‌ران له سنووری هه‌ولێر به‌پێی ماسته‌رپلان ده‌بێت؛ گوتیشی به‌شێكی له‌و زه‌وییانه‌ی دابین ده‌كرێن به ته‌نیا موڵكی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی نین، به‌ڵكوو موڵكی وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ی وه‌ك وه‌زاره‌تی كشتوكاڵن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش ئه‌و زه‌وییانه كه ڕه‌گه‌زه‌كه‌یان ده‌گۆڕدرێت، پێویستی به كوژاندنه‌وه هه‌یه، ئه‌مه‌یش پرۆسه‌یه‌كه و كاتی پتری پێویسته.
ڕۆژی سێشه‌ممه 23ـی ته‌ممووزی 2024، كارزان هادی، سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر تایبه‌ت به كوردستان24ـی گوت، دوای ده‌رچوونی بڕیاری دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانییه‌وه، چه‌ندان كۆبوونه‌وه له‌نێوان وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و پارێزگاری هه‌ولێر و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ تاوتوێكردن و هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه، كراوه.
كارزان هادی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دوای ده‌رچوونی بڕیاره‌كه، له سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر تیمێكی تایبه‌تیان پێك هێناوه كه ئه‌ركیان بریتییه له دابینكردنی زه‌وی پێویست و دیاریكردنی شوێنی زه‌وییه‌كان و ڕێككاره یاسایی و هونه‌رییه‌كانی دیكه.
سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر باسی له‌وه‌ش كرد، ڕووبه‌ری پێویست و خاوه‌نداریه‌تی و ڕێككاره‌كانی دیكه‌یان له سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر به ئاستێكی باش گه‌یاندووه و جێبه‌جێیان كردوون و بۆ وه‌زاره‌تی شاره‌وانییان به‌رز كردووه‌ته‌وه. گوتیشی، ڕووبه‌ری پارچه‌زه‌وییه‌كان 200 مه‌تر ده‌بێت و پانی شه‌قامه‌كانیش له 12 مه‌تر كه‌متر نابێت.
ناوبراو هه‌روه‌ها هێمای بۆ ئه‌وه كرد، له سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و داموده‌زگه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پرۆسه‌ی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی دابه‌شكردنی زه‌وی ده‌ستی پێ كردووه و هه‌موو هه‌وڵێكیان بۆ ئه‌وه‌یه تاوه‌كوو كۆتایی ئه‌م ساڵ و زووتریش بڕیاره‌كه جێبه‌جێ بكرێت.
پارێزگای هەولێر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووه، سێشەممە 23-7-2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەکان و کشتوکاڵی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری خانووبەرەی میری و نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خشه‌دانان و ئاوه‌دانی هه‌ولێر، تایبەت بە ئامادەکارییەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران کۆ بووه‌ته‌وه.
له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه كراوه، له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، پارێزگاری هه‌ولێر گرنگیی بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی، تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران ڕوون کردەوە، کە له ڕۆژی 27-3-2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارەکەی ڕایگەیاند.
هەروەها پارێزگاری هەولێر كاریگه‌ری ئه‌م بڕیاره‌ی بۆ سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی گرفتی نیشته‌جێبوون و کەمکردنەوەی ڕێژه‌ی كرێچیی له ڕیزی فه‌رمانبه‌ران ڕوون كرده‌وه و ئه‌م بڕیاره‌ی به هه‌نگاوێكی گرنگ ناو برد.
هه‌روه‌ها له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه كراوه، پارێزگار لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی ڕاسپارد، ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران به كه‌مترین تێچوو و ڕۆتین جێبەجێ بکەن و په‌له له ڕێككاره ئیداری و هونه‌رییه‌كان بكه‌ن.
ئەوەشی خستە ڕوو، لە كاتی دیاریكردنی شوێنی زه‌وییه‌كان، پرسی ماسته‌رپلان و نه‌خشه‌ی بنه‌ڕه‌تی شاری هه‌ولێر ڕەچاو کراوە و گوتیشی "ئه‌م هه‌نگاوه سوود به فراوانبوونی شاری هه‌ولێر ده‌گه‌یه‌نێت."