پۆلیسی هەولێر دوو مێرمنداڵ بە چەکی بێمۆڵەتەوە دەستگیر دەکات کە چەند تاوانێکیان کردووە

دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبارەکە لە پۆلیسی هەولێر
دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبارەکە لە پۆلیسی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار ڕادەگەیەنێت کە لە خوار تەمەنی یاساییدان و هەڵگری چەکی بێمۆڵەتن، ئەو دوو تۆمەتبارە پلانیان داناوە بە هەڵکوتانە سەر ماتۆڕسکیلەکانی گەیاندن لە ناو هەولێر و لە دەرەوەی هەولێر، هەر بۆیە کاتێک یەکێک لە ماتۆرسکیلەکان ڕادەگرن کە تازە مووچەکەی وەرگرتووە، پارەکەی لێ وەردەگرن و بەڕێی دەکەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دوو تۆمەتباریان بە ناوەکانی (ٲ. ب. ٲ) و (ن. ق. م) بە تۆمەتی ڕێگریکردن و دزینی ماتۆڕسکیل وەرگرتنی سەرانە لە خەڵک، دەستگیر کرد".

پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاندووە: تۆمەتبارانی ئاماژەپێکراو، کە پێشینەی تاوانیان هەیە، دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە، بۆیە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددەی 442ـی لە یاسای سزادان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و ڕادەستی دادگا کراون.

بەپێی بەدواداچوونی ئالان زەندی لە کوردستان24، ئەو دوو تۆمەتبارە کە هاوڕێی یەکن و تەمەنیان 17 ساڵانە، هەستاون بە ڕێگری کردن لە شۆفێرانی ماتۆرسکیلی دلیڤەری و لەژێر هەڕەشەدا، پارە و ماتۆرسکیلەکانیان لێوەرگرتوون.

Fly Erbil Advertisment