عەممار عەزاوی: خه‌ڵك هه‌یه‌ 20 ساڵه‌ له‌ زیندانه‌كانی عێراقه‌ و هیچ تۆمه‌تێكی له‌سه‌ر ساغ نه‌بووه‌ته‌وه‌

عەممار عەزاوی
عەممار عەزاوی

مێدیاكان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن زیاتر له‌ 70 هه‌زار كه‌س له‌ زیندانه‌كانی عێراقدان، هاوكات سەرۆکی سەنتەری یەرمووک بۆ دیراسات و پلاندانانی ستراتیژی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ، كه‌سانێك له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2003 كه‌ ئه‌مه‌ریكا پرۆسه‌ی سه‌ربازی دژی عێراق كرد، له‌ زیندانه‌نه‌كانی عێراقدان.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 23ـی ته‌ممووزی 2024، عەممار عەزاوی، سەرۆکی سەنتەری یەرمووک بۆ دیراسات و پلاندانانی ستراتیژی تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی، ڕوونه‌ عێراق به‌ چه‌ندان قۆناغدا تێپه‌ڕیوه‌، له‌ هه‌ر قۆناغێكیشدا ده‌ستگیركردن و زیندانیكردن و تۆمه‌تهه‌ڵبه‌ستن بۆ كه‌سه‌ جیاجیاكان هه‌بووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی واقیعی زیندانه‌كان كراونه‌ته‌وه‌.

عەممار عەزاوی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و هه‌وڵه‌ی له‌ په‌رله‌مان هه‌یه‌ بۆ یاسای لێبووردن، یاسایه‌كی نوێ نییه‌، به‌ڵكوو هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكۆنه‌كه‌یه‌ و دوو مادده‌ هه‌مواری بۆ ده‌كرێت، كه‌ یه‌كه‌میان تایبه‌ته‌ به‌ دووباره‌ پێناسه‌كردنه‌وه‌ی تیرۆر و دووه‌میشان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ تیرۆریان به‌سه‌ردا ساغ نه‌بووه‌ته‌وه‌.

سەرۆکی سەنتەری یەرمووک بۆ دیراسات و پلاندانانی ستراتیژی باسی له‌وه‌ش كرد، كه‌سانێك له‌ زیندانه‌كانن له‌و كاته‌وه‌ی ساڵی 2003 ئه‌مه‌ریكا پرۆسه‌ی سه‌ربازی دژی عێراق كرد و زۆرینه‌یشیان سوننه‌ن.

ناوبراو گوتیشی، ده‌ركردنی یاسای لێبووردنی گشتی داواكارییه‌كی گرنگی عێراقییه‌كانه‌ به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی لانی كه‌م عێراق ببێته‌ وڵاتێكی مۆدێرن و ڕێز له‌ هاووڵاتی و بنه‌مای هاووڵاتیبوون بگرێت.

دوای چاوەڕوانیی زۆری سوننەکان، یاسای لێبوردنی گشتیی خرایە بەرنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراقەوە، پەرلەمانی عێراق چوارشه‌ممه‌ 24ـی ته‌ممووزی 2024 كۆ دەبێتەوە و یەکێک لەو تەوەرانەی بڕیارە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتییە.

عەرەبی سوننە لایان وایە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیی ناوچە زۆرینە سوننەنشینەکان بە ناڕەوا زیندانی کراون. هەروەها دەرکردنی یاسای لێبووردنی گشتی یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی سوننە بوو بۆ بەشداریی لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شییاع سوودانی.

پێشتر لیژنەی یاسایی پەرلەمان داوایەکی ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردبوو بۆئەوەی هەموارکردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتیی بخرێتە کارنامەی پەرلەمانەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی سیاسی و دواکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان ئەم كارە نەكرا.

لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئەیلوولی ڕابردووەوە خوێندنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی تەواو كردووە و بەرزكراوەتەوە بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، ئێستا دوای زیاتر لە 10 مانگ بڕیارە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت.

پڕۆژەیاساکە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ دەکرێت، ئەوکات فراکسیۆن و پەرلەمانتاران سەرنج و تێبینی و داواکاریی خۆیان پێشکەش دەکەن، بۆئەوەی لەنێو پڕۆژەکەدا جێگەیان بکرێتەوە و دواتر بۆ پەسەندکردنی دەخرێتە دەنگدانەوە.

بە گوتەی نوێنەرانی پێکهاتەی سوننە، بەرنامەی حکوومەت بریتییە لە دەرکردنی یاسای لێبوردنی گشتیی، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه‌ و دادپه‌روه‌ری، پشکنینی ئەمنی لە پارێزگاکانیان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو لیژنە ئەمنیانەی مایەی نیگەرانی سوننەكانن، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ لایەنە سیاسییەكان لەسەر برگەی پۆلێنکردنی تیرۆر ناكۆكن. سوننەکان پێیانوایە خەڵكێکی زۆری سوننە بەبێ تاوان دەستگیر کراون، بەڵام بەشێک لە هێزە شیعەکان دژی دەرکردنی یاساکەن و پێیان وایە ئەم یاسایە رێگە خۆشكەرە بۆ ئازادكردنی تیرۆریستان و ئەو كەسانەی ھاوكاری تیرۆرییان كردووە.