تۆم حەرب: ئەمەریکا پشتیوانی لە کوردان دەکات بۆ ئەوەی دەرفەتی باشتریان لەناوچەکە بۆ بێتە پێش

تۆم حه‌رب هاوسەرۆکی هاوپەیمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمەریکی بۆ دیموکراسی
تۆم حه‌رب هاوسەرۆکی هاوپەیمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمەریکی بۆ دیموکراسی

هاوسەرۆکی هاوپەیمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمەریکی بۆ دیموکراسی ئاشکرای دەکات، دۆناڵد ترەمپ دەبێتە هابەشێکی باشتر لەگەڵ کورد، پێی وایە کورد ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە سەقامگیریی ناوچەکە و ڕێگریی کردن لە تیرۆریستان بۆ ئەوەی بێنە ناوچەکانی ئەمەریکا.

سێشەممە 23ـی تەممووزی 2024، تۆم حه‌رب هاوسەرۆکی هاوپەیمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمەریکی بۆ دیموکراسی لەبارەی گۆڕانکارییەکان لە سیاسەتی ئەمەریکا دوای کشانەوەی جۆ بایدن، بۆ کوردستان24 ئاماژە بەوە دەکات، ڕاگەیاندنی ئەمەریکا کە پشتیوانی لە دیموکراتەکان و جۆ بایدن و کامەلا هاریس دەکات چونکە شکستیان هێناوە لە ئەمەریکا بەرامبەر گرتنەبەری سیاسەتێک، بۆیە لە بری ئەوەی لە دژی دۆناڵد ترەمپ و سیاسەتەکەی شەڕ بکەن، ئەوان هێرش دەکەنە سەر کەسایەتییەکەی و دەڵێن: ئەو زۆر خراپە بۆ دیموکراسیەت، ئەمە وا دەکات هەندێک لایەن و کەس هەوڵ بدەن ترەمپ تیرۆر بکەن، بەڵام ترەمپ توانی سەرکەوتوو بێت و ڕزگاری بێت لەو هەوڵە.

تۆم حه‌رب دەڵێت: دیموکراتەکان لەبری ئەوەی پەیڕەوی سیاسەتێکی دیموکراسی بکەن، کودەتایەکی سپیان لە دژی بایدن کرد، لەبارەی پشتیوانییەکانی هیلاری کلنتنیش گوتی: هیلاری پشتیوانییەکی زیاتری لەنێو ئەمەریکییەکان هەیە بەتایبەت لەنێو ئافرەتانی ئەمەریکا، بەڵام کامەلا هاریس کە لە2019-2020  بۆ سەرۆکایەتی خۆی بەربژێر کرد و هیچ دەنگی بەدەست نەهێنا، ناچاربوو لە کێبڕکێکە بکشێتەوە، چونکە ئافرەتانی ئەمەریکا حەزیان بەشێوازی نەبوو تەنانەت ئافرەتانی ڕەش پێستیش، بۆیە کامەلا لەلای خەڵکی ئەمەریکا خۆشەویست نییە، لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانی لە ڕێککەوتنی ئەتومی ئێران دەکات، کامەلا وای کرد خەڵکێکی زۆر بە نایاسایی بێنە نێو ئەمەریکا.

هاوسەرۆکی هاوپەیمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمەریکی بۆ دیموکراسی دەڵێت: لە سەردەمی ترەمپ نەمانبینی هیچ جەنگێک بێتە ئاراوە، گوتی: بە هاتنە دەسەڵاتی ئەو وەک سەرۆک، پێم وایە داوا دەکات ئاگربەستێکی دەستبەجێ لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بێتە ئاراوە، ئەو جەنگە دەچێتە ئاگربەستەوە بۆ ئەوەی ئاسایش بەرقەرار بێت، بە گۆڕینی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ترەمپ دەتوانێت بوژانەوە بێنێتە ئاراوە.

لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد، تۆم حەرب گوتی: ترەمپ دەبێتە هابەشێکی باشتر لەگەڵ کورد، چونکە کورد ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە سەقامگیریی ناوچەکە و ڕێگریی کردن لە تیرۆریستان بۆ ئەوەی بێنە ناوچەکانی ئەمەریکا، دەڵێت: ئەوان  شەڕێکیان کردووە و ئەمەریکاش پشتیوانیی کردوون لە عێراق و سووریا، بۆیە کوردەکان هاوبەشێکی ئاسایین و ترەمپ پشتیوانی و بەرگرییان لێ دەکات بۆ ئەوەی دەرفەتێکی باشتر بۆ کوردەکان لە ناوچەکەدا بێتە ئاراوە.

Fly Erbil Advertisment