ئه‌مه‌ریكا؛ چیرۆکی کەره‌دێزه‌كه‌ی دیموکراته‌كان و فیله‌پێپانه‌كه‌ی كۆمارییه‌كان
كه‌ر له وڵاتانی جیهانیی سێیه‌م و دواكه‌وتوودا پتر بۆ خزمه‌تكردن و به‌كارهێنانی بۆ كاری قورس به كار هاتووه و بووه‌ته سیمبۆڵ و هێمای كاره‌كه‌ری و چه‌وسانه‌وه و سووكایه‌تی به ناو و ڕاده‌ی بیركردنه‌وه و "تێگه‌یشتنی"، تا ئه‌و ئاسته‌ی "كه‌سی كه‌معه‌قڵ" ناتۆره‌ی كه‌ری ده‌درێته پاڵ بۆ به ئاگا هێنانه‌وه و بێداربوونه‌وه‌ی له بێعه‌قڵی، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه له دنیای ڕۆژئاوا و به دیاریكراویش له ئه‌مه‌ریكا و له‌سه‌ر ئاستی سیاسیی‌دا بووه‌ته سیمبۆڵ و ئایكۆنێكی سیاسیی و براندێک کە سەدان ملیۆن دۆلار بەرهەم دەهێنێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا دیموكراته‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه‌ریان وه‌ك هێمای خۆیان به كار هێناوه و چه‌ندان ده‌یه‌یه كردوویانه‌ته هێمای شۆڕش و یاخیبوون و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر نه‌یاره‌كانیاندا.
کەره‌دێزه‌كه‌ی دیموکراته‌كان
چیرۆكی كه‌ر و دیموكراته‌كان بۆ ساڵی 1828 ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك ئه‌ندرۆ جاكسۆن (Andrew Jackson) كاندیدای ئه‌و كاتی دیموكراته‌كان بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كه دواتر بووه حه‌وته‌مین سه‌رۆك، دروشمی "با خەڵک حوکمڕانی بکات" وه‌ك دروشمی سه‌ره‌كی خۆی و پارته‌كه‌ی به‌رز كرده‌وه، له به‌رانبه‌ردا ڕكابه‌ره‌كه‌ی له كۆمارییه‌كان گاڵته‌ی به دروشمه‌كه كرد، به‌ڵام جاكسۆن "كه‌رێكی بۆز"ـی بۆ هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان و كه‌مپه‌ینه‌كانی به كار هێنا و دروشمه‌كه‌ی به قه‌دییه‌وه هه‌ڵواسی و گوند و ناوچه ئاواییه‌كانی شوێن و زێدی له‌دایكبوون و نیشته‌جێبوونی پێ گه‌ڕا و به‌م هه‌وڵه پۆپۆلیستییه‌ی هه‌وڵی دا به‌سه‌ر نه‌یار و ڕكابه‌ره‌كه‌ی له به‌ره‌ی كۆمارییه‌كان سه‌ربكه‌وێت، وه‌ك ده‌رده‌كه‌وت ئه‌و زیاتر له چینی باڵا و نوخبه‌ی كۆمه‌ڵگه بوو و له خه‌می خه‌ڵكی گشتی دوور بوو.
كه‌ره‌بۆزه‌كه‌ی جاكسۆن ئه‌و كات به شێوه‌یه‌كی دیار و به‌رچاو نه‌بووه سیمبۆڵی دیموكراته‌كان، به‌ڵام له قۆناغی دواتر و له ساڵی 1870ـدا تۆماس ناست (Thomas Nast)ـی كاریكاتێریست كه له گۆڤاری هارپه‌رز (Harper's Magazine)ـی هه‌فتانه كاری ده‌كرد، "كه‌رێكی ڕه‌شی دێزه" كه له‌گه‌ڵ فیلێكی ترسا‌و كه‌وتبووه به‌رانبه‌ر و لووشكه و جووته‌ی لێ ده‌گرت، وه‌ك هێمای دیموكراته‌كان هه‌ڵبژارد. ئه‌و كات دیموكراته‌كان به شانازییه‌وه هێمای كه‌ریان په‌سند كرد و كه‌ر له كاراكته‌رێكی قوربانییه‌وه، بووه هێمای سه‌ركه‌وتن و شانازی و نازپێدان، ته‌نانه‌ت ساڵانه له بۆنه گشتییه‌كاندا چه‌ندان پێشبڕكێ بۆ كه‌ره‌كان ده‌كه‌ن و ئه‌و هونه‌رمه‌ند و به‌هره‌مه‌ندانه‌یش خه‌ڵات ده‌كرێن، كه جوانترین وێنه‌ی كه‌ر ده‌كێشن.
دیموكراته‌كان و ناوه‌نده سیاسی و ڕۆشنبیری و بازرگانییه‌كانیان، ساڵانه پاره‌یه‌كی زۆر له دروشمی كه‌ره‌كه‌یان قازانج ده‌كه‌ن و بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسییه‌كانیان به كاری ده‌هێننه‌وه، بۆ نموونه له دوایین كۆنفراسی دیموكراته‌كاندا له شاری شا‌رلۆت له ویلایەتی کارۆلینای باکوور بەڕێوە چوو، هه‌زاران كڵاو، چاویله‌كه‌ی ڕه‌ش، مێدالیا و تیشێرك كه وێنه‌ی كه‌ره‌كه‌یانی له‌سه‌ر چاپ كرابوو، فرۆشران و پاره‌یه‌كی زۆریان بۆ پارته‌كه كۆ كرده‌وه.
فیله‌پێپانه‌كه‌ی كۆمارییه‌كان
لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئه‌مه‌ریكادا کە لە ساڵی 1860، ئه‌و وڵاته بەهۆی جیاوازی بۆچوونەکان لەسەر پرسی ئازادکردنی کۆیلەکان هێشتا کیشوەرێکی لاوەکی بوو و لە نێوان باکوور و باشووردا دابەش بووبوو، بەڵام ئەبراهام لینکۆڵن (Abraham Lincoln) بڕیاری دا خۆی لە هەڵبژاردنەکان کاندید بکات و دابه‌شبوونی ئه‌مه‌ریكا كه‌م بكاته‌وه و نێوماڵه‌كه‌یان ڕیك بخاته‌وه.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا بۆ یه‌كه‌م جار فیل وه‌ك دروشمی كۆمارییه‌كان بۆ لینكۆڵن ده‌ركه‌وت و بووه كه‌رسته‌ی سه‌ره‌كی پرۆپاگه‌نده‌ی سیاسیی كۆمارییه‌كان له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا و له ئه‌نجامیشدا ئه‌وان سه‌ركه‌وتن و لینكۆڵن بووه سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته. سه‌رباری ئه‌وه‌ی كۆمارییه‌كان بردیانه‌وه و به‌سه‌ر ڕكابه‌ره دیموكراته‌كانیان سه‌ركه‌وتن، به‌ڵام فیل تاوه‌كوو ساڵی 1870 نه‌بووه سیمبۆڵی سیاسی كۆمارییه‌كان و ئه‌و كات تۆماس ناست (Thomas Nast)ـی كاریكاتێریست كۆمارییه‌كانی به ده‌رچوون له به‌ها لیبڕاڵییه‌كان ناوزه‌د كرد و وێنای فیلێكی زه‌به‌لاحی كێشا، كه هه‌موو پێش خۆی ڕاده‌ماڵێ و له هه‌ردوو لای ڕاست و چه‌پیشی به هێڵێكی پان نووسی "ده‌نگی كۆمارییه‌كان" وه‌ك هێمایه‌ك بۆ كۆمارییه‌كان كه به دوای پاره و كۆكردنه‌وه‌ی سامانن و هه‌ر چی ده‌ستیان بكه‌وێت حه‌په‌لووشی ده‌كه‌ن.
تۆماس ناست ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، بۆیه فیله پێپانه‌كه‌ی وه‌ك دروشمی كۆمارییه‌كان هه‌ڵبژاردووه، چونكه ئه‌وان برسی پاره‌ن و هێزی خۆیان له كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌دا ده‌بیننه‌وه. فیله پێپانه‌كه‌ی كۆمارییه‌كان له‌و كاته‌وه و له هه‌موو بۆنه‌یه‌كی سیاسییاندا سه‌رنجدی زۆری ده‌خرێته سه‌ر به تایبه‌تریش له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان و كه‌مپه‌ینه‌كانیاندا كه گرنگییه‌كی زیاتری پێ ده‌ده‌ن و هه‌ڵمه‌ته‌كانیانی پێ ده‌ڕازێننه‌وه.