زیقار.. ماوەی چوار ساڵە بە پاساوی شوێنەوار گوندێک پەراوێز خراوە

ماوەی چوار ساڵە بەپاساوی هەبوونی شوێنەوار ئاو لە گوندێکی پارێزگای زیقار بڕاوە، کە دانیشتووانەکەی نزیکەی هەزار کەسە.
گوندی شوهەدا دەکەوێتە باکووری پارێزگای زیقار و دانیشتووانەکەی دەڵێن، "حکوومەت بەپاساوی هەبوونی شوێنەوار ڕووبارەکەی لەنزیک گوندەکەیان گواستووەتەوە، ئەمانیش ناچارن پەنا بۆ لێدانی بیر ببەن، هەرچەندە ئەم ڕێگەکەش پێداویستییەکانیان پڕناکاتەوە.
گوندی شوهەدا لە سنووری قەزای قەلعە سیکەر لەباکووری پارێزگای زیقار ماوەی چوار ساڵە بەدەست بێ ئاوییەوە گرفتارن. چونکە سەرچاوی سەرەکی ئاوەکەیان لەدەستداوە، ئەمەش بەهۆی بڕیارێکی فەرمانگەی شوێنەوار، کە بڕیاریداوە ڕووبارە بە ناوچەکەیان نەڕوا بەپاساوی هەبوونی شوێنەوار.
هاووڵاتییەک دەڵێت، "چوارساڵە ئاوەکەیان بڕیوین بەبیانووی شوێنەوار. نزیکەی 60 ماڵی گوندەکە چۆڵیان کردووە، خۆمان هەزار بۆ هەزار و 100 کەس دەبین".
هاووڵاتیەکی دیکە گوتی، "ئەم گوندە شەهید و برینداری داوە، بەشداری کردووە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و جێپەنجەی خۆی نەخشاندووە، بەڵام ئاوا وەڵامی چاکەکانمان دەدەنەوە".
دانیشتوانی ئەم گوندە نزیکەی هەزار کەس دەبن. ئێستە گرفتیان کەم ئاوییە و پەنایان بۆ لێدانی بیر بردووە، هەرچەندە ئەم ڕێگەیەش پێداویستیەکانیان دابینناکات.
کەم ئاویی تەواو دانیشتوانی گوندی شوهەدای وەڕەز کردووە. بەتایبەتی لەم وەرزەدا کە پلەکانی گەرما زۆر بەرزن. قەیرانەکە بەجۆرێک قوڵە نزیکەی 150 کەس لەدانیشتووانی ئەم گوندە کۆچیان بۆ ناوچەکانی دیکە کردووە. هەوڵماندا لەسەر دۆسیەکە قسە لەگەڵ فەرمانگەی شوێنەوار بکەین، بەڵام رەتیانکردەوە قسەبکەن.
هاووڵاتییەکی دیکە ئاشکرای کرد، فەرمانگەی شوێنەوار دەڵێن ئەم گوندەی ئێمە شوێنەواری لێیە، ئەوەی لێیەتی گردێکی عەباسییە نەک سۆمەری، هیچ سوودێکی نییە. دەشڵێت: "ئەمە ڕاست نییە لەبەر شوێنەوار ژیانی گوندێک کۆتایی پێبهێنێت".
سەرباری بەڵێنە زۆرەکانی حکوومەت، بەڵام کێشەی کەم ئاوی وەک خۆی ماوەتەوە هەزاران کەس لەسنووری گوندەکانی زیقار پێوەی گرفتارن. بەشێکی دیکە لەدانیشتووانی پارێزگاکە بۆ بەدواگەڕانی ئاو کۆچیان کردووە بۆ پارێزگاکانی دیکە.