پزیشکەکەی: بایدن کۆرۆنای تێ پەڕاند

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا (وێنە: SAUL LOEB / AFP)
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا (وێنە: SAUL LOEB / AFP)

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڤایرۆسی کۆرۆنای تێ پەڕاند و بەمزووانە دەست بە کارەکانی لە کۆشکی سپی دەکاتەوە.

کێڤن کۆنەر، پزیشیکی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، جۆو بایدن، بە تەواوی لە نەخۆشییەکەی چاکبووەتەوە و ڤایرۆسی کۆرۆرنای تێ پەڕاندووە، بەمزووانە دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی.

پزیشکی تایبەتی جۆو بایدن جەختی لەوە کردەوە، سەرۆکی ئەمەریکا هیچ نیشانەیەکی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا نەماوە و پلەی گەرمی جەستەی ئاسایی بوووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی 18-07-2024، کۆشكی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دوای کردنی پشکنینی تەندروستی بۆ جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا؛ دەرکەوت بایدن تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، هەندێک نیشانەی سووکی ڤایرۆسەکە لێی دەرکەوتوون و ڤاکسینی کۆڤید-19ـی وەرگرتووە.

هەر بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بایدن گوتارەکەی لە کۆنفرانسێکی بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا کە بڕیار وابوو لە ویلایەتی نیڤادا و بە ئامادەبوونی دەیان هەزار کەس بەڕێوە بچێت؛ هەڵوەشاندەوە.

ئەمە سێیەم جارە بایدن لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێت؛ جاری یەکەمیان 21ـی ئەیلوولی 2022 و جاری دووەمیشیان 30ـی ئەیلوولی هەمان ساڵ بوو.