خۆپیشاندەرانی دیوانییە داوای دوورخستنەوەی بەرپرسانی خۆجێیی دەكەن
""
عێراق کێشەیەکی قوڵ و درێژخایەنی لەگەڵ کارەبادا هەیە، هەموو ساڵێک لە مانگە گەرمەکانی هاویندا کێشەی زۆر بۆ دانیشتووان دروستدەکات، ئەمەش لەبەرئەوەی لە هەندێک ناوچەدا پلەی گەرما دەگاتە سەرووی 50 پلەی سیلیزی. لە دیوانییە کەمی کارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەكانی دیكەی کێشەی زۆری بۆ خەڵک دروستکردووە و ماوەی چەند ھەفتەیەکە خۆپیشاندان بەردەوامە.
خۆپیشاندانی هاووڵاتیانی قەزای مھناوییەی سەر بە پارێزگای دیوانییە، بەھۆی نەبوونی كارەبا و خزمەتگوزارییەكانی دیكە توڕەن و گەرمای 50 پلەی سیلیزیش زیاتر تۆڕەی كردوون، هەروەها خۆپیشاندەران بە سووتاندنی تایە رێگەی سەرەكی قەزاكە و بەشەکانی دیکەی پارێزگاکەی دیوانییەیان داخست.
خۆپیشاندەرێکی دیوانییە ڕاگەیاند، "نازانین پارەی شارەكە بەرەو کوێ دەڕوات؛ بەفیڕۆدانی پارە هەیە. دیوانییە گەورەترین یان دووەم گەورەترین پشکی بوودجەی لە نێوان پارێزگاکاندا هەبوو، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش ئیدارەدانی خراپی پڕۆژەکان هەیە. بەھۆی لایەنە سیاسییەكانەوە گەندەڵییەكی زۆر ھەیە".
جیا لە فەراھەمكردنی خزمەتگوزارییەكان، خۆپیشاندەران داوای دوورخستنەوەی بەرپرسانی خۆجێییش دەكەن، ئەوان تۆمەتباردەکەن لە شکستهێنان لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی خزمەتگوزارییەکانی پارێزگاكە.
خۆپیشاندەرێکی دیکەی دیوانییە دەڵێت: "داواکاری یەکەممان دوورخستنەوەی پارێزگارە، داواکاری دووەم پەیوەندی بە کەمی خزمەتگوزارییەوە هەیە. ژێرخان بوونی نییە، نە ڕێگاوبان و نە نەخۆشخانە، ھیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری نییە، قەزاکە لە ساڵی 2003ەوە وێران بووە".
عێراق کێشەیەکی قوڵ و درێژخایەنی لەگەڵ کارەبادا هەیە، هەموو ساڵێک لە مانگە گەرەمەکانی هاویندا کێشەی زۆر بۆ دانیشتووانی دروستدەکات، ئەمەش لەبەرئەوەی لە هەندێک ناوچەدا پلەی گەرما دەگاتە سەروو 50 پلەی سیلیزی.