شێخ جەعفەر: پێویست بکات، پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا کۆ دەبنەوە

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی

لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی بە پێویستی دەزانێت، پارێزگاری نوێی کەرکووک بە لێکتێگەیشتنی نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان دابنرێت. دەشڵێت، هەر کاتێک پێویست بکات، پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا کۆ دەبنەوە.

چوارشەممە، 24-07-2024، عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی سلێمانی و هەڵەبجەی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان کرد. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەش، هەردووکیان لە لێدوانیکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی چەند پرسیارێکی ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە.

شێخ جەعفەر: هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک پێویستی بە ڕێککەوتنێکی گشتگیرە

پێنجشەممە، 11-07-2024، دوای نزیکەی هەشت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجـوومەنی پارێزگای کەرکووک؛ ئەنجوومەنەکە بۆ جاری یەکەم بە بەشداریی هەموو فراکسیۆنە سیاسییەکان کۆبووەوە. ڕاکان جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک وەکوو بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە، سەرپەرشتیی یەکەمین کۆبوونەوەی کرد.

بە گوێرەی یاسا، دوای بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک؛ ماوەی مانگێک مۆڵەت دەدرێتە لایەنە سیاسییەکان تاوەکوو لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگار، سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکانی ڕێک بکەون.

بە گوتەی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردی، عەرەبی و تورکمانەکانی شاری کەرکووک بە مەبەستی هەڵبژاردنی پارێزگار، سەرۆکی ئەنجوومەن و پێکهێنانی حکوومەتیی خۆجێیی پارێزگاکە؛ بەردەوامە.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە، "پارێزگاری کەرکووک بە حیزبێک دانانرێت؛ شارەکە چەندین پێکهاتەی تێدایە و پێویستە هەمووان بەشداربن لە حووکمڕانی و بە لێکتێگەیشتنی نێوان هەموو لایەنەکان، پارێزگارێک دابنرێت".

لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا دووپاتی کردەوە، "هەر چ کاتێک پێویست بکات، لەم ئاستە یان لە ئاستی باڵاتر کۆبوونەوە دەکەین".

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکوومەت

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت. سەرچاوەیەکی کۆمیسیۆن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سەدا 80ـی ئامادەکارییەکانمان بۆ هەڵبژاردنەکە تەواو کردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر هاوکارن لەگەڵمان".

لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی ڕوونی کردەوە، پەیوەندییان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان باشە و هەر کاتێک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا، "لەسەر بنەمای ژمارەی دەنگەکان لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکەین".

دوورخستنەوەی پارێزگاری سلێمانی

لە ماوەی ڕابردوو دەنگۆی ڕێککەوتنێکی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی دوورخستنەوەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و دانانی پارێزگارێکی نوێ بڵاو ببووەوە، شێخ جەعفەر دەڵێت، "ئاگام لەو بابەتە نییە، هیچ بڕیارێک بۆ دوورخستنەوەی هەڤاڵ ئەبوبەکر لە پۆستەکەیدا نییە، ئەگەڕ بڕیار هەبووایە، دەگۆڕدرا".

عەلی حوسێن: بەبێ عەرەب و تورکمان پۆستی پارێزگاری کەرکووک یەکلا ناکرێتەوە

لەلایەن خۆیەوە، عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی سلێمانی و هەڵەبجەی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک، گوتی، "نە پارتی و نە یەکێتی بەبێ عەرەب و تورکمان ناتوانن پۆستی پارێزگار یەکلایی بکەنەوە".

لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک، بەرپرسەکەی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، "پێشتر لەگەڵ یەکێتی دانیشتین و گفتوگۆمان کرد بۆ ئەوەی پارێزگارێکی کوردی نیشتمانپەروەریی سەربەخۆ کە گوزارشت لە کوردێکی ڕەسەنی کەرکووک بکات، بکەینە پارێزگار، بەڵام نەتوانرا بگەیەنە ئەنجام".

وەکو ئەوەی عەلی حوسێن  باسی کرد،"لە هەرێمی کوردستان حزبی جیا هەن و سیاسەتی جیاوازیشمان هەیە، بەڵام لە کاتە پێویستەکان، بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی کوردستان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کۆمان دەکەنەوە و هەر کاتێکیش پێویست بکات هیچ گرفتێک نییە بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵا کۆ ببنەوە".

Fly Erbil Advertisment