101 ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزان تێ دەپەڕێت

ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنامەی لۆزان
ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنامەی لۆزان

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و 101 ساڵ پێشی ئێستا، وڵاتانی زلهێزی جیهان، پەیمانی لۆزانیان ئیمزا کرد و کوردستانی بندەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییان دابەش کرد.

نوێنەرانی تورکیا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، یۆنان، ڕۆمانیا، بولگاریا، پورتوگال، بەلجیکا و یوگۆسلاڤیا ئامادەی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی پەیمانەکە بوون کە لە 24ی تەمووزی ساڵی 1923، لە شاری لۆزان بەڕێوە چوو.

دانوستانەکان کە لە 20ی تشرینی دووەمی 1922 دەستیان پێکرد بە هۆی پرسی ڕێکنەکەوتن لەسەر دابەشکردنی گەرووەکان، مووسڵ-کەرکووک و قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر دەوڵەتی عوسمانی چەندین جار هەڵپەسێردرابوو.

بەپێی پەیمانەکە سنووری باکوور و باشووری کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە نێوان ئینگلیزەکان و بەرپرسانی پەرلەمانی ئەوکاتی تورکیا بەڕێوە چوو، دیاری کرا.

لە پێشەکی پەیمانی لۆزان کە لە 143 ماددە پێکهاتووە، پرەنسیپی ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی و سەروەری وڵاتان باس کراوە.

نوێنەری خواست و داواکارییەکانی کورد لەو کۆنگرەیە ئامادە نەببوو، ئەوکاتیش خەڵکی کوردستان نەیانتووانیبوو لە دەوری چەترێکی یەکگرتوو کۆببنەوە و خواستی خۆیان ببەنە سەر مێزی گفتوگۆکان و بەدەستی خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن؛ بۆیە بەبێگوێدانە خواستی کوردستانیان لە رۆژی (24 تەمووزی ساڵی 1923)دا پەیمانی (لۆزان) ئیمزا كرا.

لە دوای ئیمزاکردنی پەیماننامەکەش، توركیا، ئێران، عێراق و سووریا بە هەموو هێزی خۆیان سیاسەتی نكۆڵی و لەناوبردنیان لە بەرامبەر گەلی كوردستان پەیڕەو كرد.

سەرەڕای ئەوەی كە لە ماددەکانی (39 و 41) ی ئەو پەیمانە مافی پەروەردە و زمان و پاراستنی كلتووری كورد پەسەند کراوە، بەڵام ئەم خاڵانە لە بەرچاو نەگیراون.

بەم شێوەیە بە فەرمی کوردستانی گەورە بەسەر چوار پارچەدا دابەش کرا. لە کاتێکدا دۆخی باشووری کوردستان بەردەوام بە ناکۆکی لە نێوان لایەنەکاندا مایەوە، لە ساڵی 1926 بۆ بەریتانیا، واتە عێراق جێهێڵدرا.

72 دەوڵەت لە خاکی عوسمانیدا دروست بوون، بەڵام گەورەترین نەتەوە بەهۆی بەرژەوەندیی زلهێزەکان بێ دەوڵەت مایەوە. ئەو شۆڕشانەیش کە دوای ڕێککەوتنەکە بەرپا کران، هەر جارە و بە پاساوێکی بێ بنەما ڕێگرییان لێ کرا.

ساڵی 1639یش بۆ یەكەمجار كوردستان لە چوارچێوەی پەیمانی قەسری شیریندا لە نێوان هەر دوو ئیمپراتۆری عوسمانی و سەفەویدا دابەش كرا، ئەویش دوای شەڕی خوێناوی چاڵدێران لەسەر خاکی کوردستان لەنێوان هەردوو زلهێزدا.

Fly Erbil Advertisment