فەرەنسا هەزار پۆلیس بۆ پاراستنی یاریی نێوان ئیسرائیل و مالی، دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشی

بەپێی گوتەی جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا، نزیکەی هەزار پۆلیسی فەرەنسی ئاسایشی یاریی نێوان ئیسرائیل و مالی دەپارێزن کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە لە پاڵەوانێتی ئۆڵۆمپیادی پاریس بەڕێوەبچێت.
هێزە ئەمنییەکانی فەرەنسا پیشبینی ئەوەیان کردووە، بەڕێوەچوونی یاریی هەڵبژاردەی ئیسرائیل لە یاریگای پارک دی پرینس لە پاریس و هەروەها بەڕێوەچوونی یارییەکەی ئۆکرانیا و عێراق لە شاری لیۆن لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، مەترسییەکی زۆری هەبێت نەهۆی شەڕەکانی غەززە و ڕووسیا و ئۆکرانیا.
جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا، بە کەناڵی "بی ئێف ئێم" و ڕادیۆی "ئاڕ ئێم سی" گوت: "پلانێکی ئەمنی هەیە بۆ هەموو پێشبڕکێکان، بەڵام ڕاستە ئەم دوو یارییە بەتایبەتی ئەو یارییەی کە لە پارک دی پرینس بەڕێوەدەچێت، ئاسایشی توندی دەبێت".
لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، "ئەمشەو لە پارک دی پرینس هەزار پۆلیس لەپێناو پاراستنی نەک بۆ ئاژاوەگێڕی یان شتێکی لەو جۆرە.
سەرجەم وەرزشوانانی ئیسرائیلی بەشداری یارییە ئۆڵۆمپی پاریس دەکەن، کە بە فەرمی لە ڕۆژی هەینیەوە دەست پێ دەکات، هەروەها پاسەوانی 24 کاتژمێریان بۆ دابین دەکرێت،جا چ لەناو گوندی ئۆڵۆمپی بێت یان هەر جارێک کە بچنەدەرەوەی کەمپەکە.
سەرچاوەیەکی پۆلیسی فەڕەنسا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، هێزە ئەمنییەکان پیشبینی پشێوی لە دەوروبەری یاریگاکە دەکات"، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەری ئەوەیە هەیە کە خەڵک لە ستاندەکانەوە هاوار بکەن جنێو بدەن".
یۆرۆپالستین، گرووپێکی چالاکوانی فەرەنسیە کە لەپشت ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە بووە، بە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ڕاگەیاندووە، بەنیازن خۆپیشاندانێکی ئاشتیانە لەناو یاریگاکەدا ڕێکبخەن بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە "جینۆساید"ـی غەززە.
سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی ئەڵمانی، تۆماس باخ، جەختی لە بێلایەنی ڕێکخراوەکەی کردەوە، گوتیشی: "هەڵوێستی لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی زۆر ڕوونە، ئێمە دوو لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانیمان هەیە، ئەمەش جیاوازییە لەگەڵ جیهانی سیاسەت. لەم ڕووەوە پێکەوەژیانی ئاشتیانە هەیە ".
ڕاشیگەیاند، "ئێمە لە کاری سیاسیدا نین، ئێمە لێرەین بۆ بەدیهێنانی ئەرکی خۆمان کە وەرزشوانان کۆبکەینەوە". هەروەها داواکارییەکان بۆ ڕاگرتنی ئیسرائیل، هاوشێوەی ڕووسیا کە شەڕی لە دژی ئۆکرانیا دەست پێکرد، باخ گوتی: "ناتوانرێت ئەو دوو حاڵەتە بەراورد بکرێت".
لە بەرامبەردا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، وەرزشوانانی ئیسرائیل "بەخێرهاتنیان دەکرێن، دەبێت بتوانن بە ڕەنگەکانیان ڕکابەری بکەن"، دەشڵێ: ئێمە لە یارییەکاندا سیاسەت ناکەین.