تورکیا بە یاسا کێشەی سەگی بێلانە ڕێک دەخات

سەگی بێلانە لە تورکیا بووەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی ڕێبواران و خەڵکانی پیادەی ڕۆی شەقام و کۆڵانی گەڕەکەکان، مەترسییەکان هێندە زۆر بوون لە ئاستی باڵای وڵاتە قسەی لەسەر بکرێت و پەرلەمانیش بەنیازە بە یاسا کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات.
پرۆژەیاسایەک ئامادەکراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، بەڵام ناڕەزایەتیی لێکەوتووەتەوە، چونکە یەکێک لە ماددەکان، ڕێگەی لە ناوبردنی سەگە بێلانەکانە بە هەماهەنگی و چاودێری ڤێتێرنەری.
زۆربوونی سەگی بێلانە لە شار و شەقامەکان بووەتە مەترسییەکی جددی و سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەگە بێلانەکان بوونەتە کێشە و دەڵێ "لە تورکیا کێشەی سەگی بێلانە هەیە و ئەو دیمەنانەی لە شارەکانی تورکیا هەن لە هیچ شارێکی جیهان بەدی ناکرێن. خەڵک داوامان لێدەکات ئەم کێشەیە چارەسەربکەین. کۆڵنادەین و پشت بە خوا بەر لە دەستپێکردنی پشووی وەرزی یاسادانان، ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەین و لەڕێگەی یاساوە ئارامی بۆ شار و شەقامەکان دەگەرێنینەوە".
سەگە بێلانەکان لە تورکیا بەتایبەتی دوای پەتای کۆڕۆنا ژمارەکەیان زۆر زیادی کردووە، بە گوتەی وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، چوار ملیۆن سەگی بێلانە لە وڵاتەکەی هەن.
ئیبراهیم یوماکلی وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا دەشڵێت "لە پرۆژە یاساکەدا بڕگەیەکی تایبەت بە لەناوبردنی سەگی بێلانە جێگەی کرا بووەوە، ئەمە بووە هۆی ئەوەی پرۆژەیاساکە لەلایەن ئاژەڵدۆستانەوە بە تەواوی لەکەدار بکرێت. ئێمە بەتەما نین هەموویان لەناو ببەین، تەنیا ئەوانە نەبن کە ناتوانرێت لە شێلتەرەکان ڕابگیرێن و نەخۆشن یان هار بوون و ناتوانرێت ئارام بکرێنەوە".
خەڵک بوونەتە دوو بەش، بەشێکیان ناڕازین و دەڵێن سەگەکان مافی ژیانیان هەیە و ناکرێت لەناو ببرێن. بەشێکی دیکەشیان کە هەندێک لەوانە کەوتوونەتە بەر پەلاماری سەگی بێلانە دەڵێن، هیچ شتێک لە مرۆڤ بەبەهاتر نییە، مەترسی و هەڕەشەی سەگە بێلانەکان گەیشتووەتە ڕادەیەک، خەڵکی نەوێریت منداڵەکەی بنێرێتە کۆڵان.
سەگی بێلانە تەنیا بۆ مرۆڤ نەبوون بە مەترسی، ئاژەڵەکانی دیکەی وەک پشیلە و ئاژەڵی ماڵیی سەرجەمیان لە هەرەشەدان و چەندین جار ئاژەڵی ماڵی بەهۆی هێرشیانەوە لەناوچوون.