ڕوئا خەلەف: هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی هەوڵێکە بۆ دابەشکاریی تائیفی خەڵکی عێراق

چالاکوانێکی مەدەنی عێراقی لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی لە عێراق دەڵێت: ئەو هەموارکردنەوەیە هەوڵێکە بۆ دابەشکاریی تائیفی خەڵکی عێراق.
چوارشەممە 24ـی تەممووزی 2024، ڕوئا خەلەف، چالاکوانی مەدەنی عێراقی بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد: مەبەستی سەرەکیی هەموار کردنەوەی یاسای باری کەسیی، هەوڵێکە بۆ دابەشکاریی تائیفی خەڵکی عێراق و دەڵێت: دەیانەوێت لەسەر ئەو بنەمایە ڕۆڵێکی نایاسایی بگێڕن، لەکاتێکدا ئەرکی ئەندامانی پەرلەمان پاراستنی خەڵک و پاراستنی چینەکانی کۆمەڵگەیە، بەڵام ئەوەی ئەوان دەیکەن پێچەوانەی ئەرکەکەیانە و هەوڵی قوڵکردنەوەی قەیرانی تائیفیە لەنێو کۆمەڵگەی عێراقی لەگەڵ داکوتانی ڕەگوڕیشەی تائیفی.
دەشڵێت: پەرلەمانی عێراق کار بۆ ئەوە دەکات بیر و هزری تائیفی لە عێراق بەرەو پێشەوە ببات، ئەوەش یەکێکە لەو شکستانەی دووچاری عێراق بووەتەوە کە کاریگەریی لەسەر شیرازەی کۆمەڵایەتی کردووە، گوتی: ئێمە هەست بە ترس دەکەین بەرامبەر داهاتوومان و منداڵەکانمان.
ئەو چالاکوانە دەڵێت: هەوڵێک هەیە بۆ لاوازکردنێکی بە ئەنقەستی دامەزراوە فەرمییەکان، گوتی: ئێمە متمانەمان بە دامەزراوە فەرمییەکان هەیە نەوەک کەسایەتییەکان، کاتێک دامەزراوەکان لاواز دەبن، سیستەمی دارستان دێتە کایەوە.
گوتیشی: عێراق پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی نییە، چونکە پێدەچێت بیر لە بەشوودانی منداڵان و هاوڕەگەزخوازیی بکەنەوە، لەبری ئەوەی منداڵان بخەینە بەر خوێندن، بیر لە بەشوودانیان دەکرێتەوە، بۆیە ڕێژەی جیابوونەوە بەرزە چونکە هاوسەرگیرییەکان لە دەرەوەی دادگا دەکرێن. دەیانەوێت ئەو یاسایە هەمووار بکەنەوە، بۆ ئەوەی منداڵێکی نۆ ساڵی بەشوو بدەن.
ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوە کرد، ئەوانەی دەیانەوێت یاسای باری کەسیی هەموار بکەنەوە، لەسەر تائیفە گەرایی دەژین و دەیانەوێت خەڵک نەزان بن بۆ ئەوەی کورسیی خۆیان بپارێزن، گوتی: ئەو بابەتانە دێننە پێشەوە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، نەوەک بەرژەوەندیی خەڵک، وازیان لە کێشەی ماددەی هۆشبەر هێناوە، خەریکن بەشوودانی منداڵانن.