هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کشتوکاڵی کوردستان پێش دەخەن
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و ژووری بازرگانیی ئەمەریکا ئامادەکاریی بۆ یاداشتێکی لێکگەیشتن دەکەن بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی کوردستان.
چوارشەممە24ـی تەممووزی 2024 لە واشنتن، بێگەرد تاڵەبانی بەهاوبەشیی خانزاد ئەحمەد سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و تریفە عەزیز نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئەمریکا، لەگەڵ ژووری بازرگانیی و وەبەرهێنەرانی ئەمریکا کۆبوونەوە.
بەپێ ڕاگەیەندراوی وەزارەتی کشتوکاڵ، لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت کرایەوە سەر پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگییەکان پاش دواین سەردانی شاندی وەبەرهێنەران و بازرگانانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان، بەسەرپەرشتیی سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوودا.
وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئامادەکاریی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن کرا بۆ مەبەستی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی و سەرمایەگوزرای و ڕەخساندنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و هاوبەشیی لەگەڵ وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی کوردستان. هاوکات بۆ پاڵپشتیی زیاتری جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی ڕەخساندنی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان و هەمەچەشنکردن و بەپیشەسازیی کردنی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و هێنانەکایەی تەکنەلۆجیایی پێشکەوتوو بۆ هەرێمی کوردستان.