ئاسایشی هەولێر ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکاتەوە

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لەبارەی کێشەی نێوان هاووڵاتییەک و کارمەندێکی بنکەیەکی ئاسایشی ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و داوای لەو هاووڵاتییە کردووە سکاڵای یاسایی لە پۆلیس تۆمار بکات بۆ ئەوەی مافی پارێزراو بێت.
24ـی تەمموزی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "دوای بڵاوبوونەوەی وێنە و لێدوانی هاووڵاتییەک بە ناوی سەریاس عەونی، کە گوایە لە لایەن ئاسایشی هەولێر دەستدرێژیی کراوەتە سەر، بۆ هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین، ڕاستیی ڕووداوەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و کەسییە لە نێوان سەریاس عەونی و کارمەندێکی بنکەیەکی ئاسایش و لە ئەنجامی دەمەقاڵێی نێوانیان بە شەڕ هاتوون".
ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاندووە: دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ڕێکاری پێویستی بەرامبەر ئەو کارمەندە گرتووەتە بەر و دەستبەسەر کراوە. هاوکات، داواش لە هاووڵاتی سەریاس عەونی کراوە، کە سکاڵای یاسایی لە پۆلیس تۆمار بکات بۆ ئەوەی مافی پارێزراو بێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، هاووڵاتییان و هەموو لایەک دڵنیا دەکاتەوە، کە مافیان پارێزراوە و بەگوێرەی یاساش ڕێگەپێدراو نییە هیچ کەسێک ناوی دەزگا ئەمنییەکان بۆ مەرامی کەسی بەکار بهێنێت.