عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: حکوومەتی عێراق نایەوێت قەرەبووی کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە
K24 - هەولێر:
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، جەختی کردەوە کە پێویستە لە یاسای نوێی شەهیداندا، قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان بچەسپێنرێت. ئاماژەی بەوەشدا، حکوومەتی عێراق نایەوێت قەرەبووی کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا، گوتی: زیاتر لە 21 هەزار زیندانی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا هەن.
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئاماژەی بەوە کرد: ئامادەسازییان کردووە کە شاندێک بچنە بەغدا و لەگەڵ دامەزراوەی زیندانی سیاسی عێراق گفتوگۆ بکەن، بۆ ئەوەی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بخرێنە سەر عێراق، بەڵام تا ئێستە لەلایەن حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێک بە ئاراستەی هاوکاریکردنیان نەنراوە.
هێمای بۆ ئەوە کرد: لە هەوڵەکانیان بۆ هاوتاکردنی مووچەی شەهیدان لەگەڵ بەغدا بەردەوامن، هەروەها ئەگەر یاساکە لە پەرلەمانی عێراق هەموار بکرێتەوە زەوی دەدرێتە زیندانیانی سیاسی.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، باسی لەوە کرد: کاتی خۆی خەمڵاندن کرابوو بۆ زیانمەندانی دەستی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بە تایبەتی حزبی بەعس، ئەو خەمڵاندنە سەرجەم گوند و شار و شارۆچەکەکان و هەموو زیانمەندانی کوردستانی گرتووەوە بە پرۆژەیەک پێشکەشمان کردووە، کاتی خۆی یاسایەکی بۆ دەرچوو یاسای ژمارە 11ـی ساڵی 2010.
جەختی لەوەش کردەوە: ئێستە لە پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسایەک ئامادە کراوە بۆ ئەوەی ئەو یاسایەی ساڵی 2010 ڕەت بکرێتەوە، دەبێت نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق پێداگربن لەوەی دەبێت کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی قەرەبوو بکرێنەوە.
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، گوتیشی: حکوومەتی عێراق تا ئێستە هیچی بۆ زیندانیانی سیاسی نەکردووە، هەروەها نایەوێت قەرەبووی کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.
پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای زیندانیانی سیاسیی دواخست و تا ئێستە خویندنەوەی دووەم بۆ هەمواری هاوتاکردنی مووچەی کەسوکاریی شەهیدان لە هەرێمی کوردستان نەخراوتەوە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.
بڕیار بوو ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسیی بکات کە لە لایەن لێژنەی شەهیدان، قوربانییان و زیندانیانی سیاسی ئامادەکراوە.
خوێندنەوەکە لە بڕگەی شەشەمی کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمان جێگیرکرابوو، بەڵام بەهۆی درووستبوونی کێشە لەسەر هەمواری یاسای باری کەسی، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.