بێکارەبایی ئاگری لە دوو شارۆچکەی نەجەف بەردا

دانیشتووانی هەر یەک لە شارۆچکەکانی کوفە و میشخاب، لە سنووری پارێزگای نەجەف بەهۆی کەمی و بێکارەبایی ڕژانە شەقامەکان و بە ناڕەزایی دەربڕین و سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل گڕیان لەشەقامەکان بەردا.
سەرچاوە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایانگەیاندووە، شەوی ڕابردوو خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینی دانیشتووانی سنووری پارێزگای نەجەف بە هۆی بێکارەبایی دۆخێکی مەترسیداری دروست کردبوو.
بە گوتەی سەرچاوە ئەمنییەکان خۆپیشاندانەکان تاوەکوو بەرە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەردەوام بوون و لە زۆربەی ناوچەکانیش خەڵکی چوونەتە بەردەم وێستگەکانی کارەبا و بە داخستنی شەقامەکان و سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبیل، لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین بەردەوام بوون.
هەفتەی ڕابردووش هەر بەهۆی کەمی و بێکارەبایی دانیشتووانی شارەدێی حەیدەرییەی نەجەف خۆپیشاندانێکی هێمنانەیان دەست پێکرد، بەڵام بەهۆی زۆربوونی ژمارەی خۆپیشاندەران و ناڕەزایی دەربڕینی خەڵکی، هێزە ئەمنییەکان هەوڵیان دا بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن و لە گەڕەک و شەقام و کۆڵانەکەکان سەرکوتیان بکەن، بەم هۆیەوە تووندوتیژی ڕووی داوە و خۆپیشاندەران بە بەردباران ڕووبەڕووی هێزەکان بوونەوە.
هەر لە بارەی کێشەکانی تۆڕی کارەبای نیشتمانی عێراق بەشێک لە مێدیاکان بڵاویان کردووەتەوە، تەنیا یەک ڕۆژ دوای کەوتنە کاری هێڵی گواستنەوەی کارەبا لە تورکیاوە بۆ عێراق لە 23ی ئەم مانگە، کارەبای بەشێک لە عێراق کە لە ئێرانەوە ڕاکێشراوە بەبێ هیچ هۆکارێکی دیاریکراو کوژێنراوەتەوە، ئەمەش وایکردووە بڕێکی زۆری مێگاواتی کارەبا لە تۆڕی دابەشکردنی نیشتمانیی عێراق کەم ببێتەوە.