سێ بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کران

وێنەی ماددەی هۆشبەر
وێنەی ماددەی هۆشبەر

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەرەکان ڕایگەیاند، سێ تۆمەتبار دەستگیرکراون کە 40 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریان پێ بووە.

پێنجشەممە، 25ـی تەمموزی 2024، ئەرکان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەرەکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش و بوونی زانیاری ورد و بەدواداچوون، دەستمان گرت بەسەر 19 کتێب، کە بە ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ، ڕووپۆش کرابوون".

ئەو گوتەبێژە دەڵێت "بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دەزگای ئاسایشی هەرێم و سلێمانی ئاگادارکرانەوە و زانیاریشمان پێیان دا، لەسەر سەرچاوەکە و شێوازی هێنانی ئەو ماددە هۆشبەرانە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی تەواویش لەوێ بکرێت، تۆمەتبارانیش دەستگیر بکرێن".

گوتەبێژەکە گوتشی: "ئێمە لەم چالاکییەدا توانیمان دەست بەسەر 19 کتێب کە لە شێوەی 'مەلزەمە' ڕێکخرابوون، بگرین؛ مەبەستییان بوو بەشێوەی ترانزێت بەناو خاکی هەرێم بیگوازنەوە بۆ بەریتانیا. بەهۆی لێهاتووی تیمەکانمان توانیمان زۆر بەوردی کاری لەسەر بکەین و دەستبەسەر ئەم 'مەلزەمانە'دا بگرین".

ئەرکان بیبانی ڕاشیگەیاند، "دوای ئەوەی زانیاریمان بە پارێزگای سلێمانی دا، تۆمەتبارێک و چوار کتێبی دیکە دەستیان بەسەردا گیرا، ئەم چالاکییەمان لە 2ـی حوزەیران کرد، دوای ئەوە لە سلێمانی چالاکییەکی دیکە کرا و توانیان دەست بەسەر 44 کتێبدا بگرن".

ئاماژەی بەوەش دا، "لە چالاکی دووەمدا لە 23ـی تەمموز، دوای بڕیاری لێکۆڵینەوەی ئاسایش توانیمان دەست بگرین بەسەر 40 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و سێ تۆمەتباریش دەستگیر بکەین".