دەیان گومانلێکراوی داعش دەستگیر کران
لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا، لە 13 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان 72 گومانلێکراوی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان دەستگیر کران.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی "لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان و بەشی دژە تیرۆرەوە لە هەر یەک لەشارەکانی ئەنقەرە، ئادانا، ئانتاڵیا، چۆروم، خارپێت، دیلۆک، هاتای، ئیستانبوڵ، کرککالە، کلیس، مێرسین، ڕحا و ترابزۆن بەڕێوە چوو، 72 گومانلێکراوی داعش دەستگیر کراون."
یەرلیکایا ئاماژەی داوە "هەر لە ئۆپراسیۆنەکاندا دەست بەسەر بڕێکی زۆر دراوی بیانی و لیرەی تورکی لەگەڵ چەند ئامێری ئەلیکترۆنیدا گیراوە". هاوکات ڕایگەیاندووە "هیچ دەرفەتێک بە تیرۆریستان و توندڕەوان نادەین کە بتوانن چالاکییان هەبێت، چونکە هێزەکانی تورکیا هەموویان هەر یەک ئامانجیان هەیە، ئەویش بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان بەبێ سڵکردنەوە و تا کۆتایی بە هەموویان دەهێنین".