ژینگەی دیوانییە هۆشداریی لە مەترسییەکانی بە بیابانبوون و وشکەساڵی و کۆچی گوندنشینان دەدات

بەبیابان بوون
بەبیابان بوون

بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی دیوانییە هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی بە بیابانبوون و وشکەساڵی کە بووەنەتە هۆی ئاوارەبوونی هەندێک گوندنیشین لە پارێزگاکە و داوای چارەکردنی خێرای کێشەکە دەکات.

ئەسعەد نازم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی دیوانیە بە ڕۆژنامەی "ئەلسەباح"ـی ڕاگەیاند، لیژنەیەکی تایبەتمەند، سەردانی ژمارەیەک ناوچەی گوندنشینی کردووە، بەتایبەت قەزای شافعییە، بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، دەشڵێت: کەناڵەکانی ئاودێری  کە ئەم گوندانە پشتیان پێدەبەستن و بۆ ئاودێری و هەندێکجاریش بۆ خواردنەوە، وشک بوونە، ئەمەش دۆخەکەی بۆ خەڵکی ناوچەکە قورستر کردووە.

ئەسعەد نازم، ئاماژەی بەوەش کرد، وشکەساڵی کاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی خوێ هەبووە، هەروەها کاریگەری لەسەر سیستەمی ژینگەیی خاکە کشتوکاڵییەکانیش هەبووە، ئەمەش بەهۆی کەمیی سەرچاوەکانی ئاو و باران و بەرزیی پلەی گەرمی بووە، کە بە هۆیەوە زۆرێک لە خێزانەکان لە گوندەکانەوە کۆچیان کردووە بۆ شارەکان.

نازم باسی لەوەش کرد، کۆچکردن لە لادێکانەوە بۆ شار بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی خۆراک دەبێت و دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان. بەمەش خزمەتگوزارییە سنووردارەکانی ناو شارەکان پێداویستییەکانی ئەم ژمارە زیادەی هاووڵاتییان دابین ناکات.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بۆ ڕێگریکردن لە دیاردەی بەبیابانبوون، عێراق پێویستی بە چاندنی 15 ملیار نەمام هەیە تاوەکوو بتوانێت دارستانەکان و ناوچەکان سەوز بکات تاوەکوو کاریگەریشی لەسەر پاکبوونەوەی هەوا و نەهێشتنی پاشماوە گازە زیانبەخشەکان هەبێت.

لە ڕاپرسییەکی کۆمپانیاییەکی سویسری کە لە بواری پاککردنەوەی هەوادا کار دەکات، عێراق لەسەر ئاستی جیهاندا، دووەم پیسترین ژینگەی هەیە. هەروەها لە ساڵی 2022دا، بەغدا لەسەر ئاستی جیهاندا لە پلەی 13ـەیەمدابووە وەک پیسترین شاری جیهان لە ڕووی ژینگەییەوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ژینگەی عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان، عێراق لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، کاریگەرییەکی زۆری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەر بووە و لەسەر ئاستی جیهاندا لە ڕیزبەندی پێنجەم دێت. بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، عێراق ساڵانە 100 هەزار دۆنم زەوی لەدەست دەدات بەهۆی بیابانبوون و قەیرانی ئاویش بووەتە هۆی ئەوەی بەڕێژەی 50% زەوییە کشتوکاڵییەکان لەناو بچن.

ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە: ئێستا ڕووبەری دارستانەکانی عێراق تەنیا هەشت هەزار و 250 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، ئەمەش دەکاتە تەنیا ڕێژەی 2%ـی کۆی ڕووبەری هەموو عێراق.

بەغدا وەک پایتەخت و چەقی جموجۆڵی بازرگانی و نیشتەجێبوون، ڕووبەڕووی گەورەترین کێشەی ژینگەیی بووەتەوە؛ بەهۆی بەردەوامی زیادەڕۆییەکان بۆ سەر شوێنە سەوزاییەکان و گۆڕینی بۆ باڵەخانە و شوێنی بازرگانی و نیشتەجێبوون، ئەمەش وای کردووە، فشاری زۆر لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق دروست بێت بۆ ڕاگرتنی دروستکردنی باڵەخانە و دەستدرێژیی بۆ کەمکردنەوەی زیاتری ڕووبەری سەوزایی کە شارەکەی بەرەو خنکاندن بردووە.

Fly Erbil Advertisment