بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان کەمیی خزمەتگوزاریی دژی حکوومەت بەکاردەهێنن و هانی خۆپیشاندەران دەدەن
ئەندامێکی ڕەوتی حیکمە دەڵێت: ماوەی چەند ساڵە خۆپیشاندان لە پارێزگاکانی عێراق بەردەوامە، هەروەها بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان هەوڵ دەدەن کەمیی خزمەتگوزاریی دژی حکوومەت بەکار بهێنن و خەڵک هان بدەن بچنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان بکەن.
ڕەحیم عەبودی، ئەندامی ڕەوتی حیکمە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی 2016ەوە، بەهۆی کەمیی خزمەتگوزارییەکانەوە، بەردەوام خۆپیشاندانیان تێدا کراوە. دەشڵێت: لە ساڵی 2016 و 2019 بەشێک لە دەزگا خزمەتگوزارییەکان بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە داخرا.
عەبودی گوتیشی: هاووڵاتیان مافی خۆیانە ڕای خۆیان دەرببڕێ و داوای خزمەتگوزاری بکات، بۆیە بڕوام وایە ئەو کیشانەی ئەوڕۆ هەیە حکوومەت ناتوانێت ئەرکەکانی خۆی بەباشی جێ بەجێ بکات.
باسی لەوەش کرد "لایەنە سیاسییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لەو کێشانەدا، چونکە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان هەوڵ دەدەن کەمی خزمەتگوزاریی دژی حکوومەت بەکار بهێنن و هانی خەڵک بدەن بچنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان بکەن، بەتایبەت بۆ کیشەی کارەبا کە دەیان ساڵە حکوومەتی عێراق ئەو کێشەیەی هەبووە، هەروەها حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانیش نەیانتوانییوە چاریەکی ڕیشەیی بۆ بدۆزنەوە".
ئەندامەکەی ڕەوتی حیکمە ڕاشیگەیاند "محەممەد شییاع سوودانی هەوڵێکی زۆری داوە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و کارەبا بۆ خەڵک دابین بکات، بەڵام بەداخەوە کێشە هەیە و ئەو لایەنانەی لەحکوومەتن و ئەوانەشی لە حکوومەت نین کار بۆ ئەوە دەکەن گوشار لەسەر سوودانی دروست بکەن، ئەوشتە بەدەست بهێنن کە خۆیان دەیانەوێت، هەروەها کار لەسەر وروژاندنی خۆپیشاندەران دەکەن".