سوودانی: حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک، بە کۆدەنگیی پێک بهێنرێت

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لە گرنگیی تەواوکردنی ڕێکارەکانی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک بە کۆدەنگی و بەشداریی هەموو پێکهاتەکان دەکاتەوە.
پێنجشەممە، 25-07-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە ئەندامانی هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك کرد.
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی "جەختی لە گرنگیی تەواوکردنی ڕێکارەکانی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی، کۆدەنگی لە نێوان نوێنەرانی پێکهاتە برایەتییەکانی پارێزگاکە، دڵنیابوون لە بەشداریی کاریگەریی هەمووان و پەراوێز نەخستنی هیچ پێکهاتەیەک لە بڕیارداندا" کردووەتەوە.
سەرۆکوزیرانی عێراق دووپاتیشی کردەوە، ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکومەتە خۆجێیەکان باڵی جێبەجێکردن و پشتیوانی حکوومەتن لە هەوڵەکانیدا بۆ تەواوکردنی ئەرکە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکانی.
لێدوانی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لەبارەی دانانی پارێزگاری کەرکووک
چوارشەممە، 24-07-2024، عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی سلێمانی و هەڵەبجەی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانیکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "نە پارتی و نە یەکێتی بەبێ عەرەب و تورکمان ناتوانن پۆستی پارێزگار یەکلایی بکەنەوە".
لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک، بەرپرسەکەی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، "پێشتر لەگەڵ یەکێتی دانیشتین و گفتوگۆمان کرد بۆ ئەوەی پارێزگارێکی کوردی نیشتمانپەروەریی سەربەخۆ کە گوزارشت لە کوردێکی ڕەسەنی کەرکووک بکات، بکەینە پارێزگار، بەڵام نەتوانرا بگەیەنە ئەنجام".
هەر لەو بارەوە، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، گوتی، "پارێزگاری کەرکووک بە حیزبێک دانانرێت؛ شارەکە چەندین پێکهاتەی تێدایە و پێویستە هەمووان بەشداربن لە حوکمڕانی و بە لێکگەیشتنی نێوان هەموو لایەنەکان، پارێزگارێک دابنرێت".
لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا دووپاتی کردەوە، "هەر چ کاتێک پێویست بکات، لەم ئاستە یان لە ئاستی باڵاتر کۆدەبینەوە".
یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
پێنجشەممە، 11-07-2024، دوای نزیکەی هەشت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجـوومەنی پارێزگای کەرکووک؛ ئەنجوومەنەکە بۆ جاری یەکەم بە بەشداریی هەموو فراکسیۆنە سیاسییەکان کۆ بووەوە. ڕاکان جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک وەکوو بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە، سەرپەرشتیی یەکەمین کۆبوونەوەی کرد.
بە گوێرەی یاسا، دوای بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک؛ ماوەی مانگێک مۆڵەت دەدرێتە لایەنە سیاسییەکان تاوەکوو لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگار، سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکانی ڕێک بکەون.
کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 کورسین و ژمارەی کورسیی لایەنەکانیش لە دوایین هەڵبژاردن، بەم شێوەیە بوو:
1. کورد: حەوت کورسی (یەکێتی پێنج و پارتیش دوو)
2. عەرەب: شەش کورسی
3. تورکمان: دوو کورسی
4. یەک کورسیش بۆ کۆتای کریستییان