فایەق زێدان: تیرۆریستەکان عێراقیان کردووەتە گۆڕەپانی چالاکییەکانیان

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان عێراقییان کردووەتەوە گۆڕەپانێک بۆ "پراکتیزەکردنی چالاکییە تاوانکارییەکانیان".
پێنجشەممە، 25-07-2024، فائیق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، بەشداریی لە بەرنامەی زیادکردنی ئاستیی هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە لە داعش کرد و لە گوتارێکدا باسی لە هەڕەشەکانی تیرۆر و هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی عێراق کرد.
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دووپاتی کردەوە، "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە 2003ـەوە عێراقییان کردووەتەوە گۆڕەپانێک بۆ پراکتیزەکردنی چالاکییە تاوانکارییەکانیان".
فائیق زێدان باسی لەوەش کرد، "هاوکاریی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەبێ ئەم هاوکارییە، لەم ڤایرۆسە تیرۆریستیانەی کە مەترسی لەسەر هەموو وڵاتانی جیهان دروست دەکەن، ڕزگارمان نابێت".
فائیق زێدان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، "دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی گرنگی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هەبووە".
شاندێکی دادوەریی عێراق و هەرێمی کوردستان کە پێکهاتووە لە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی نەینەوا و ژمارەیەک دادوەری تایبەتمەند لە دۆسیەکانی دژە تیرۆر، بەشداریی بەرنامەکە دەکەن.
داعش جموجۆڵەکانی لە عێراق و ناوچەکە زیاد کردووە
ڕۆژنامەی 'زە گاردیانی' بەریتانی ڕاپۆرتێکی دەربارەی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکانی هاوشێوەی داعش و قاعیدە لە عێراق بڵاو کردووەتەوە و تیایدا سەرنجی خستووەتە سەر چەند خاڵێک کە زەمینە بۆ گەشەکردن و بەهێزکردنەوەی ئەو گرووپانە خۆش دەکەن.
زە گاردیان باس لەوە دەکات، پێکدادانەکان و بەتایبەتی شەڕی غەززە، کەشێکی لەباری دروست کردووە بۆ ئەوەی گرووپە چەکدارەکان خۆیان ڕێک بخەنەوە و جارێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببنە مایەی مەترسی.
بە گوێرەی 'زە گاردیان' هێرشەکانی داعش بەم دواییانە لە نیمچە دوورگەی سینا زۆر توندتر و کوشندەتر بوون. لە سووریا وعێراق بەدريژایی ئەمساڵ زیاتر لە 150 هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات هێزە عێراقییەکان.
هەروەها داعش لە عێراقیش بەتەواوەتی بنبڕ نەکراوە و ناوبەناو گورز دەوەشێنێت. لە هەوڵی کردنەوەی لقیشدایە لە سنووری یەمەن.
ئەم ڕاپۆرتەی 'زە گاردیان' لە کاتێکدایە، نوێترین کردەوەی تیرۆریستی داعش هێرشکردنە سەر شارەدێی قەرەهەنجیر و شەهیدکردنی کارمەندێکی ئاسایش بوو لەو سنوورە.