وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

کۆبوونەوەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و سەرۆکى نوێنەرایەتیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا
کۆبوونەوەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و سەرۆکى نوێنەرایەتیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا

ئیفان فائیق جابرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە بارەگاى وەزارەت، پێشوازی لە فارس عیسا، سەرۆکى نوێنەرایەتیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا کرد.

نوێنەرایەتیی حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵیت، لە میانەى دیدارێکدا، ڕەوشى ئاوارەکان و کەمپەکانى هەرێمى کوردستان و ئەو خزمەتگوزاریانەى کە لە لایەن حکوومەتى هەرێمەوە پێشکەش بە کۆچبەران دەکرێت، تاوتوێکران.

لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، بڕگەى تایبەت بە کۆچبەر و ئاوارەکان لە بەرنامەى حکوومەتى محەممەد شیاع سودانى و پێویستىی هاوکارى وهەماهەنگى نزیک لە نێوان هەردوو حکوومەتى فیدراڵ و هەرێمى کوردستان بۆ جێبەجێ کردنى بەرنامەکە تاوتوێ کرا.

وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "فارس عیسا سوپاسی پشتیوانی وەزارەتی کۆچ  و کۆچبەران  بۆ ئاوارەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و ئامادەیی حکوومەتی هەرێمیشی ڕاگەیاند بۆ بەردەوامى هاوکاری و هەماهەنگی  نێوان هەردوولا  بۆ خزمەتکردنی ئەم  دۆسیە مرۆییە".

سەرۆکى نوێنەرایەتىی حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا، جەختى لە سەر ئەوە کردەوە کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پشتیوانى لە گەڕانەوەی دڵخوازانەى ئاوارەکان بۆ ناوچەکانى خۆیان دەکات، بەڵام پاش زامن کردنى ناوچەکانیان لە ڕووى ئاسايش و ئابوورى و کۆمەڵایەتيیەوە  و هەروەها دابین کردنى  خزمەتگوزارییە  پێویستەکانیان.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، وەزیرى کۆچ وکۆچبەران، سوپاسى ڕۆڵ و هەوڵەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى کرد لە پشتیوانیکردنى هەوڵەکانى وەزارەت لە پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى و هاوکارى بۆ ئاوارەکان و داکۆکیشى لە سەر پێویستى بەردەوامى هەماهەنگى نێوان هەردوولا کردەوە بۆ خزمەتکردنى ئاوارەکان.