هەفتەی داهاتوو دیموکراتەکان بەربژێری خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دیاری دەکەن
K24 – هەولێر:
لێژنەی یاسایی پارتی دیموکراتەکان ئاشکرای کرد، بەپێی یاسایەکی نوێی پارتەکە، ڕۆژی دیاریکردنی بەربژێریان پێشخستووە و 1ـی ئاب بە فەرمی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دیاری دەکەن.
ئاماژەی بەوەشدا، پێشبینی دەکرێت کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بە فەرمی وەک بەربژێری سەرۆکایەتیی دیموکراتەکان دیاری بکرێت، ئەگەر کەسێکی دیکەش بۆ رکابەریی کامالا هاریس هەبوو، هەڵبژاردنی بەربژێر بۆ 3ـی ئاب دوادەخرێت. 7ـی ئابیش جێگرێک بۆ بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا هەڵدەبژێردرێت.
ڕۆژی 21ـی تەمموزی 2024، جۆو بایدن لە نامەیەکی کراوەدا، کشانەوەی خۆی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتێکی دیکەی ئەم هەفتەیە زیاتر لەبارەی ئەو بڕیارەوە قسە دەکات.
لە نامەکەیدا، بایدن ئاماژەی بە کارەکانی ماوەی سێ ساڵ و نیوی ڕابردوو کردووە کە وەک سەرۆکی ئەمەریکا کردووێتی و ڕایگەیاندووە: شانازییەکی گەورەی ژیانی بووە کە وەک سەرۆک توانیویەتی خزمەتی ئەمەریکییەکان بکات.
بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا، دوای بڵاوکردنەوەی نامەی دەستبەرداربوونی لە دووبارە خۆبەربژێرکردنەوەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی ئاراستەی دیموکراتەکان کردووە و پشتیوانی خۆی بۆ کامالا هاریس دووپات کردووەتەوە.