وەزارەتی کارەبا دەستپێکردنی پرۆژەی دابینکردنی کارەبای نیشتمانیی 24 کاتژمێری ڕاگەیاند
K24 – هەولێر:
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکردنی دابینکردنی کارەبای نیشتمانی 24 کاتژمێری لە گەڕەکێکی شاری هەولێر ڕاگەیاند.
25ـی تەمموزی 2024، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبا بە خۆشحاڵییەوە دەستپێکی پڕۆژەیەکی ئەزموونی ڕادەگەیێنێت، ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای نیشتمانی 24 کاتژمێرییە بۆ بەشێکی دانیشتووانی گەڕەکی شادی، کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای شاری هەولێر.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەکردووە: بەهۆی ئەوەی پرۆژەکە لە قۆناغێکی ئەزموونیدایە، هەماهەنگی پێویست لەگەڵ مۆلیدەکانی گەڕەک کراوە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ئەگەری پچڕانی کارەبا لە ناوچەکەدا.
هاوکات جەختی کردووەتەوە: مانگانە سەرجەم دانیشتووان و شوێنە بازرگانییەکانی ئەم گەڕەکە تەنها یەک پسوولەی کارەبایان بۆ دێتەوە، کە بەشێوەیەکی بەردەوام لەڕێگەی کورتەنامە SMSـەوە ئاگاداردەکرێنەوە لەبارەی ڕێژەی بەکارهێنانیان، ئەمەش ئاسانکارییەکە بۆ ئەوەی ئاستی بەکارهێنانیان بزانن.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: ئەم پرۆژە ئەزموونییە یارمەتیدەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت لەوەی باشتر لە پێویستی و داواکارییەکانی هاوڵاتییان تێبگات، تاوەکو لە داهاتوودا بتوانێت کارەبای 24 کاتژمێری بەشێوەیەکی کارامە بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان دابین بکات.