بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پرۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری چووە واری جێبەجێ کردنەوە
K24 – هەولێر:
بەپێی بڕیارێکی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، کارەبای ھەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری و یەکەم جاریش ئەم بڕیارە لە گەڕەکی شادی له شاری ھەولێر چووە بواری جێبەجێکرنەوە، ئێستا ئەم گەڕەکە 24 کاتژمێر کارەبای نیشتمانیان ھەیە و بۆ ماوەیەک ئەزموونی دەبێت.
لەگەڵ جێبەجێکردنی پرۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری بەشێوەی ئەزموونی لە گەڕەکی شادی هەولێر کە گەڕەکێکی هەژارنشینی شاری هەولێرە، کەسایەتییەکانی گەڕەکەکە بۆ دوایین جار موەلیدەی گەڕەکەکەیان کوژاندەوە.
پرۆژەی ئەزموونی کارەبای 24 کاتژمێری لە گەڕەکی شادی لە هەولێر چووە واری جێبەجێ کرنەوە، دوو فیدەری هەشت مێگاواتی کارەبایان بۆ دابینکراوە، هاووڵاتی بە ئارەزووی خۆی کارەبا بەکاردەهێنێت، ئامانجی پرۆژەکە کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان.
لەلایەن خۆیەوە، بەختیار قاسم، بەڕێوەبەریی گشتیی کارەبای هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، گەڕەکی شادی کە دوو هەزار هاوبەشی کارەبای هەیە، لە پرۆژەی ئەزموونی کارەبای 24 کاتژمێری سوودمەند دەبن.
ئەمە هەنگاوی سەرەتای ئەزموونییە بۆ گەڕەکی شادی لە هەولێر، خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا لە هەولێر دوو هەزار و 100 مێگاواتە بۆ ئەوەی بکرێت بە 24 کاتژمێری، بەڵام ئامانجەکە گەورەترە بە جۆرێک کارەبای 24 کاتژمێری هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
تیمەکانی وەزارەتی کارەبا لە گەڕەکی شادی لە هەولێر، داتاکانیان لە هاوبەشانی کارەبا کۆکردەوە و زانیاریشیان لەبارەی کارەبای 24 کاتژمێرییەکە بۆ ڕوونکردنەوە و هاووڵاتیانیش پێشوازییەکی باش لەم کارەبا 24 کاتژمێرییە دەکەن کە ئەم سیستمە زیرەکە و خاوەن ماڵ بە خواستی خۆی کارەبا بەکاردەهێنێت.
ئیدی بۆ لەمەودوا لەم گەڕەکە کارەبای نیشتمانی بۆ خولەکێکیش نابڕێت، هاووڵاتییش تەنیا پارەی یەک پسوولەی کارەبا دەدات، نرخەکەش بەراورد بە ڕابردوو بۆ هاووڵاتی کەمترە ئەمەش وا دەکات هاووڵاتییان دڵخۆش بن.