ڕەوەند مەغدید: پارێزگاریی کردن لە هەزار کیلۆمەتر ڕووباری سۆران کارێکی زەحمەتە
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماژە بەوە دەکات، هەزار کیلۆمەتر ڕووبار لە سنورری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەیە و گەشتیاران دەچنە سەری، پارێزگاریی کردن لەو هەزار کیلۆمەتر ڕووبارەی سۆران، کارێکی زەحمەتە.
پێنجشەممە 25ـی تەممووزی 2024، ڕائید ڕەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە مەرجی سەلامەتی گشتیی لە شوێنە گەشتیارییەکان دابنێین لەگەڵ ئەو شوێنانەی کە مەترسیدارن و مەلەوانی تێیدا قەدەغەکراوە، هاوکات تابلۆی هۆشیاریی و ئاگاداریی هەڵواسین.
ئەو گوتەبێژە دەڵێت: لە ڕۆژانی پشوو و جەژن و بۆنەکان، خەڵک و گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە ناوچەکە دەکەن، لە دەروازە سەرەکییەکان تیمەکانی بەرگریی شارستانیی ئامادەییان دەبێت و ڕێنمایی بە گەشتیاران دەدەن و ئاگادارییان دەکەنەوە مەلەوانی کردن لە ڕووبارەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران مەترسیدارە و مەترسیی لەسەر خۆیان و خانەوادەکانیان دروست دەکەن، بەڵام هەندێک لە هاووڵاتیان و گەشتیاران پابەند نابن بە ڕێنماییەکان و ئەوەش قوربانیی لێدەکەوێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: بەشێکی هۆکارەکانی خنکان نە شارەزایی هاووڵاتیان و گەشتیارانە کە سەردانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکەن، شارەزاییان لە ڕووبارەکان و مەلەوانییان لەزێ و ئاوی وەستاو نییە، هەرچەند خۆیان بە مەلەوانێکی باش دەزانن، ئەوان ناتوانن لە ئاوی ئەو سنوورە مەلە بکەن، چونکە ڕووبارەکانی سنوورەکە پلەی گەرمیان زۆر نزمە، هاوکات ئاوەکە پاشماوە و تەل دڕی زۆری تیایە کە زۆر جار وا دەکات ئەو کەسەی مەلە دەکات، گیر بێت و بخنکێت، یاخود رووبارەکە لێل دەبێت و بەهێز دەبێت، دەبێتە هۆکاریی خنکان، دەشڵێت: تەنانەت خەڵکی ناوچەکەش لەزۆر جێگا ناتوانن مەلە بکەن لەو ڕووبارانە، ئاگادار نەبوونی دایک و باوکانیش لە منداڵەکانیان کاتێک دێنە نزیک ڕووبارەکان، بەشێکی دیکەی هۆکارەکانی خنکانن.
گوتەبێژەکەی بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت: سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەزار کیلۆمەتر ڕووباری هەیە، بۆیە پارێزگاریی کردن لە تەواوی ئەو هەزار کیلۆمەترە ئەرکێکی زەحمەتە، دەشڵێت: چەند تیمێکی مەلەوانیمان هەیە لە سنووری قەزای سۆران و مێرگەسۆر، لە ڕۆژانی بۆنە و پشوو، تیمەکانی بەرگریی و ڕزگاریکردن گەڕان لە شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن و ڕێنمایی بە گەشتیاران دەدەن.