سوپاسالاری پێشمه‌رگه بۆ كوردستان24: ئه‌مەریكا پێزانینی بۆ ڕۆڵی پێشمه‌رگه هه‌یه

K24 – واشنتن:
له رۆژانی 22 و 23ی ئه‌م مانگه دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ی دیالۆگی هه‌ماهه‌نگی ئه‌منیی هاوبه‌ش له نێوان عێراق و ئه‌مەریكا به به‌شداریی نوێنه‌رایه‌تیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به‌ڕێوه‌چوو، بڕیار درا؛ هه‌ردوو وڵات پابه‌ند بن به سه‌قامگیری عێراق و ناوچه‌كه. سه‌رباری سوپاسكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش، هاوكات پێشمه‌رگه رۆڵی ده‌بێت له پاراستنی سه‌قامگیری ناوه‌چه‌كه‌دا.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی پێنتاگۆن كه لۆید ئۆستن، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مەریكا، سابت عه‌باسی، وه‌زیری به‌رگریی عێراق، جه‌نه‌ڕاڵ مارك ئێریك كۆریلا، فه‌رمانده‌ی گشتیی سێنتكۆم، فه‌ریق ڕووكن عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمه‌رگه، باڵیۆزی ئه‌مەریكا له عێراق و به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا و عێراق به‌شداربوون، له ڕاگه‌یەندراوێكی هاوبه‌شدا ئاماژه به‌وه دراوه؛ ئه‌مەریكا و عێراق پابه‌ند ده‌بن به كاركردنی هاوبه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابن له پاراستنی سه‌قامگیریی عێراق و تێكشكاندنی یه‌كجاره‌كی داعش به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و گرووپه نه‌توانێت له داهاتوودا ببێته‌وه هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر سه‌قامگیری ناوچه‌كه.
هه‌ر له ڕاگه‌یەندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌وه به‌وه دراوه لێژنه‌ی باڵای سه‌ربازیی هاوبه‌ش پێك ده‌هێنرێت و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش، پێداویستی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان و توانای هێزه ئه‌منییه عێراقییه‌كان ده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به ڕۆڵی پێشمه‌رگه، فه‌ریق رووكن عیسا عووزێر، سوپاسالاری پێشمه‌رگه به كوردستان24ـی گوت:"به‌رپرسانی ئه‌مەریكا له‌نێویاندا وه‌زیری به‌رگریی پێزانینیان بۆ ڕۆڵی كاریگه‌ری پێشمه‌رگه هه‌بووه له شه‌ڕی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و به‌زاندنی ئه‌و گرووپه تیرۆرستییە."
سوپاسالاری پێشمه‌رگه ئاماژه‌وه‌ی به‌وه‌ش دا: "چاكسازییه‌كانی نێو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بابه‌تێكی دیكه‌ی گفتوگۆكان بوو و به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مەریكا هه‌وڵه‌كانی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یان به‌رزنرخاند."
ده‌رباره‌ی دابینكردنی چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازیی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، عیسا عووزێر، دەڵێت: به‌رپرسانی ئه‌مەریكا كۆك بوون سه‌باره‌ت به دابینكردنی چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازی له‌نێویاندا سیسته‌می به‌رگریی بۆ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بتوانێت ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌كان ببێته‌وه و سه‌قامگیری ناوچه‌كه بپارێزێت، له‌م باره‌شه‌وه كاركردن له‌گه‌ڵ ئه‌مەریكییه‌كان و لایه‌نی عێراقی به‌رده‌وامه بۆ دابینكردنی ئه‌و پێداویستیانه.