670 پۆلیس لە کەرکووک دامەزرێنران

K24 – کەرکووک:
670 کەس لە ڕیزەکانی پۆلیسی کەرکووک بە شێوەی گرێبەست دامەزرێنران و لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە ئەرکیان لە سنووری پارێزگەکە پێدەستپێردرێت.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: 670 پۆلیس لە ڕیزەکانی پۆلیسی کەرکووک ڕۆژی شەممە لە ئەکادیمیای پۆلیس چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکرێت و لەسەرەتای مانگی داهاتووەوە دەست بەکار دەبن.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد: دامەزراندنی ئەو کەسانە لە ڕیزەکانی پۆلیسی کەرکووک لەڕێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە بووە، پێشتر بڕێک پارەی مانگانەیان پێدراوە و دواتر لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕێککەوتوون بە مووچەی 500 هەزار دیناری مانگانە بەشێوەی گرێبەست دامەزرێنراون.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەو کەسانە لە سەرەتای مانگی هەشتەوە دەست بەکار دەبن و لە سنووری پارێزگای کەرکووک ئەرکیان پێ دەسپێردرێت.
لەبارەی ئەوەی تا چەند ڕێژەی نەتەوەکان لەدامەزراندنەکە ڕەچاوکراوە سەرچاوەکە، گوتی: بەهیچ شێوەیەک ڕەچاوی ئەوە نەکراوە و بەپێی ناوەکان بێت کوردی زۆر کەم یان هەر تێیدا نییە.