ڕاوێژکارێکی سوودانی: لە 20 ڕۆژدا پۆستی پارێزگاری کەرکووک یەکلایی دەکرێتەوە

هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک (وێنە: هێمن دەلۆ - کوردستان24)
هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک (وێنە: هێمن دەلۆ - کوردستان24)

K24 - هەولێر:

ڕاوێژکارێکی سوودانی ڕایگەیاند لە ماوەی 20 ڕۆژدا پۆستی پارێزگاری کەرکووک یەکلا دەکرێتەوە و پێکهاتەکان بە شێوەی خولیی پۆستەکە وەردەگرن.

تۆرهان موفتی، ڕاوێژکاری سەرۆکوزیرانی عێراق ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی، لەگەڵ لایەنەکانی پارێزگاکە ئەنجامی هەبووە و  لە ماوەی 20 ڕۆژدا پۆستی پارێزگار یەکلا دەکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە؛ دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای کەرکووک پێویستیان بە کاتە، بەڵام ئەوی گرنگە پۆستی پارێزگارە، دەبێت ئەوەشمان لەبەر چاو بێت 20 ساڵە هیچ دانوستانێکی ڕاستەقینە لە کەرکووک نەکراوە.

ڕاوێژکارەکەی سوودانی ئاشکرای کردووە؛ پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە شێوەی خولیی لە نێوان کورد، عەرەب و تورکماندا دابەش دەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک بەردەوامە و سەرچاوەی ناکۆکییەکانیش پۆستی پارێزگارە کە هەمووان داوایدەکەن، لەو چوارچێوەشدا سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەن لە پێکهاتەی عەرەبی کۆبۆوە داوایکرد بەربەستەکان هەبگیرێن و بەپەلە حکوومەتی خۆجێی لە شارەکە پێک بێت.

یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئامادەبوونی هەر 16 ئەندامە هەڵبژێردراوەکەی بەڕێوەچوو، ڕاکان جبووری کە پێشتر پارێزگاری سەپێندراوی ئەو شارە بوو، وەک ئەندامی ئەنجوومەنەکە کە بە تەمەنترینیانە سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی کرد و تەنیا 30 ڕۆژی لە بەردەمە وەک پارێزگاری کاربەڕێکەر تاوەکوو هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ، لە دیوانی پارێزگای کەرکووک دابنیشێت.

ڕۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.

ڕۆژی (28ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، 559 هەزار و 221 دەنگی دروست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەبووە کە کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنەکە لە 16 کورسی پێکهاتووە (11 کورسی بۆ پیاو، 4 کورسی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیان).

لە کۆی 16 کورسییەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، كورد خاوەنی حەوت كورسییە (پێنج کورسی بۆ یەكێتی و دوو کورسی بۆ پارتی)، پێکهاتەی عەرەبیش شەش كورسی هەیە (هاوپەیمانی عەرەبیی كەركووك سێ کورسی، لیستی قیادە دوو کورسی و هاوپەیمانی عروبە یەک کورسی هەیە)، هاوکات بەرەی توركمانی دوو كورسی و كریستیانەكانیش كورسییەكی كۆتایان هەیە.

دوای ئەوەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە بڕیاربوو لە (1ـی شوباتی 2024) بەڕێوەبچێت بۆ (5ـی شوباتی 2024) دواخرا و لەو رۆژەشدا، بە بەشداری ئەندامانی کورد و کۆتای کریستیانەکان کە ژمارەیان هەشت ئەندامە، ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای کەرکووک یەکەم کۆبوونەوەی بەڕێوەچوو بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ئەندامانی عەرەب و تورکمان، دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

بەهۆی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک کە دوای 18 ساڵ یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکە بوو بەڕێوەچوو، هیچ یەکێک لەو لیستانەی کورسی ئەنجوومەنەکەیان بەدەستهێناوە نەیانتوانیوە زۆرینە بەدەستبهێنن بۆیە لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و پۆستەکانی دیکە، پێویستیان بە ڕێککەوتن و هاوپەیمانی هەیە.

عەرەب و تورکمانەکانیش ئەگەر پێکەوە هاوپەیمانی بکەن کۆی ژماریە کورسییەکانیان دەبێتە هەشت کورسی (لە کۆی 16 کورسی)، بۆیە ناتوانن بەبێ کورد هیچ پۆستێک لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یەکلایی بکەنەوە کە هاوکات بەهۆی نزیکی کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیانەکان لە لایەنە کوردییەکان، ژمارەی کورسی ئەوانیش دەبێتە هەشت کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.

کورد سوورە لەسەر ئەوەی پارێزگاری کەرکووک کورد بێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەریەکە لە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی لە ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک و حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە وتەکانیاندا لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک جەختیان کردەوە کە پارێزگاری نوێی کەرکووک، کورد دەبێت.

Fly Erbil Advertisment