مۆسكۆ.. پوتین و بەشار ئەسەد كۆبوونەوە
K24 – هەولێر:
سەرۆکی سووریا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا کۆبووەوە و، لەبەردەم کامێراکاندا هەردوولا باسیان لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر سووریا کرد.
پێنجشەممە 25ـی تەمووزی 2024، دێمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملن ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا هیچ ڕێککەوتنێکی نوێ واژۆ نەکراوە. ڕۆژنامەیەکی نزیک لە حکوومەتی سووریاش بڵاویکردووەتەوە کە ئەسەد و پوتین باسی ئەو کۆبوونەوەیەیان لەگەڵ ئەردۆغان نەکردووە و پوتینیش هیچ داوایەکی لەم جۆرەی لە ئەسەد نەکردووە.
هاوکات هەردوولا لەبەردەم کامێراکاندا هەردوولا باسیان لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر سووریا کرد.
ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی نزیکەی مانگێکە بابەتی کۆبوونەوەی سەرۆککۆمارەکانی تورکیا و سووریا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولا بووەتە بابەتێکی گەرمی میدیاکان.
هەروەها ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوو هەفتە لەمەوبەر بانگهێشتی ئەسەدی بۆ دیدارێکی تایبەت کرد و سەرپشکی کرد لەوەی دیدارەکەیان لە تورکیا بکرێت یان لە وڵاتی سێیەم. لەگەڵ بانگهێشتنامەکەدا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەشی ڕاسپارد کار بۆ ئامادەکارییەکانی دیدارەکە بکات.
لە 11ـی تەمموزی 2024، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆتایی هاتنی لوتکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ، ئەردۆغان لە واشنتن سووربوونی خۆی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق دووپات کردەوە و گوتی "دەمانەوێت پرۆسەیەکی نوێ لەگەڵ سووریا دەست پێ بکەین و بەسەر هەموو ئاڵنگاریی و دۆخە نەرێنییەکاندا زاڵ بین".
ڕۆژی 15ـی تەمموزی 2024، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا لەمیانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە دیمەشق لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەگەر دیداری ئەردۆغان بگاتە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات بێت، ئەوا ئامادەیە ئەنجامی بدات.
ئەسەد ئاماژەی بەوەشکرد: کێشەکە لە دیداری نێوانیان نییە لەگەڵ ئەردۆغان، بەڵکو ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان گرنگە و ئەگەر ئامانج لێی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات و باشتر کردنی پەیوەندییەکان و گەڕانەوەی بۆ سرووشتی پێشووی خۆی بێت، ئەوا ئێمە دەپرسین بۆچی ئاراستەی پەیوەندییەکان ماوەی 13 ساڵە لەو ڕێگە سرووشتییەی خۆی لایداوە؟.