کامالا هاریس و ناتانیاهۆ کۆبوونەوە

کۆبوونەوەی کامالا هاریس و بنیامین ناتانیاهۆ لە واشنتۆن
کۆبوونەوەی کامالا هاریس و بنیامین ناتانیاهۆ لە واشنتۆن

مێدیا عیبریەکان ڕایانگەیاند، کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و کاندیدای سەرۆکایەتی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە واشنتۆن کۆبوونەوە.

پێگەی "یەنێت"ـی عبری ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە 40خولەکی خایاند، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، هاریس قسەی بۆ ناتانیاهۆ کردووە و دەڵێت: "سەرۆکوەزیران، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی گفتوگۆکەم – زۆر شتمان هەیە بۆ قسەکردن.

هاریس دوای کۆبوونەوەکە گوتی، "ئێمە پابەندین بە ئیسرائیلەوە، بەڵام ناکرێت دۆخی سەختی غەززە پشتگوێ بخرێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، گفتوگۆکە لەگەڵ نەتانیاهۆ ڕاستگۆیانە و ئەرێنی بوو. گوتیشی، "من پابەندم بە ئیسرائیل و ئاسایشەکەیەوە، هەروەها هەموو مافێکی هەیە بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام ناتوانرێت چاوپۆشی لە خراپبوونی دۆخی مرۆیی لە غەززە بکرێت".

هاریس دەڵێ، "ناتوانین چاومان لە کارەسات داخەین، ناتوانین ڕێگە بە خۆمان بدەین لەبەرامبەر ئازارەکاندا بێهێز بین و منیش لەو بارەیەوە بێدەنگ نابم".

هەروەها هاریس داوای ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانی کرد، باسی کۆبوونەوەی لەگەڵ بنەماڵەی بارمتە ئەمەریکییەکان کرد و گوتی، "پێم ڕاگەیاندوون کە ئەوان تەنیا نین، من و بایدن هەموو ڕۆژێک لەگەڵیان وەستاوین بۆ گەڕانەوە ئەوان بۆ ماڵەکانیان".

باسی لەوەشکرد، نەتانیاهۆی ئاگادارکردووەتەوە کە "کاتی ئەوە هاتووە ئەو ڕێککەوتنە بکات" و ئاگربەست لە غەززە ڕابگەێنێت.

ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارانی ئیسرائیل، لەنێویاندا ژمارەیەک کەسایەتیی پێشەنگی پارتی لیکود و پارتەکانی دیکەی هاوپەیمانان، ڕەخنەی توندیان ئاراستەی هاریس کرد، بەهۆی ئامادەنەبوونی لە دانیشتنی کۆنگرێس کە ناتانیاهۆ وتارەکەی تێدا پێشکەش کرد ئێوارەی چوارشەممە، ئەم ئامادەنەبوونەیان بە "بایکۆتی بە ئەنقەست" لەقەڵەمدا. هەروەها هۆکاری ئەمەشیان بۆ کەسایەتییەکەی کامالا هاریس گەڕاندەوە، کە "هەڵوێستی توندوتیژی دژی نەتانیاهۆ گرتووەتەبەر".

بەرپرسانی ئیسرائیل ڕاشیانگەیاند، بڕیارەکەی هاریس نا ئومێدکەر و شەرمەزارییە، بۆ بایکۆتکردنی وتارەکە لە کاتێکدا ئیسرائیل شەڕێکی سەخت بەڕێوەدەبات.