بەریتانیا مووشەکێک بەرهەم دەهێنێت بۆ لەناوبردنی چەکی ئەتۆمی ڕووسیا

ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی ڕایگەیاند، بەریتانیا بیر لە بەرهەمهێنانی مووشەکێک دەکاتەوە، مەوداکەی 3.2 هەزار کیلۆمەتر دەبێت بۆ لەناوبردنی چەکی ئەتۆمی ڕووسیا.
ڕۆژنامەکە نووسیویەتی، بەریتانیا لێکۆڵینەوە لە ئەگەری دروستکردنی مووشەکی دوور مەودا دەکاتەوە، هەروەها ئەو مووشەکە دەتوانێت چەکی ئەتۆمی لەناوببات کە لە ڕووسیاوە هەڵدەدرێت.
ڕاشیگەیاند، بەریتانیا بە هاوکاری ئەڵمانیا ئەو مووشەکانە پەرەپێ دەدات و جۆن هێلی، وەزیری بەرگری بەریتانیاش لە سەردانەکەیدا لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بۆ بەرلین تاوتوێی ئەو پرۆژەیەی کرد، هاوکات پێشبینیش دەکرێت ئەو مووشەکانە لە ئەڵمانیا جێگیر بکرێن.
ڕووسیا چەندان جار پشتڕاستی کردۆتەوە کە مەترسی لەسەر هیچ وڵاتێکی ناتۆ دروست ناکات، بەڵام ئەو ڕێوشوێنانە پشتگوێ ناخات کە ببێتە هۆی مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی و ئاسایشی نەتەوەیی. ڕووسیا جەختی لەوەش کردەوە، بە کراوەیی دەمێنێتەوە بۆ گفتوگۆ، بەڵام لەسەر ئاستێکی یەکسان، ڕۆژئاواش دەبێت واز لە ڕێگەی بە میلیتاریزەکردنی ئەورووپا بهێنێت.
پێشتر ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، ڕووسیا نایەوێت بچێتە ململانێیەکی سەربازی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ناتۆ، بەڵام ئەگەر لایەنێک ئارەزووی ئەوە بکات، مۆسکۆ ئامادەیە.