ئومێد خۆشناو: لەگەڵ پارێزگاری شارەکان لە پاریس باس لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەکەین

ئومێد خۆشناو، پاریزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پاریزگاری هەولێر

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لەگەڵ پارێزگاری شارەکان لە پاریس باس لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایان کردووە.

ئەمڕۆ هەینی، 26ـی تەمموزی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ پاریس هەیانە، لەگەڵ بەردەوامی ئەو پەیوەندییانەی سەرۆکی شارەوانی پاریس، هەرێمی کوردستان و فەرەنسا ئەو پەیوەندییە لەمێژینە و مێژووییەی کە هەیانە،  بەشێکن لە کۆبوونەوەی شارەکانی فرانکۆفۆنی و لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئەو ڕووداوە وەرزشییە ئۆلۆمپییەی 24، لە پاریس بەڕێوەدەچێت، بەشدار دەبن.

ئەو پارێزگارە دەڵێت: "ساڵی ڕابردوو لە کۆبوونەوەیەکی پاریس بەشداربووین لە کەمپی ئامادەکارییەکانی ئەو ڕووداوە جیهانییە وەرزشییەمان بینیوە، بۆ کۆنفرانسەکەش ساڵانە لە کۆنفرانس و کۆنگرەکانی فرانکۆفۆنی جیهانیی بەشداری دەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکایەتیی شارەوانی ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە، لە سەرۆکایەتیی و سەرپەرشتکردنیی شارەکانی فرانکۆفۆنی".

دەشڵێت: "ئان ئیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانی پاریس دۆستێکی نزیکی هەرێمی کوردستانە، چەندان جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و چەندان جاریش ئەو شاندانەی ئێمە کە سەردانی فەرەنسایان کردووە لە هەموو ئاستەکاندا سەردانی ئەو شارەدارییەیان کردووە".

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، "لەبەر دەوامی ئەو پەیوەندییانە ئێمە بانگهێشت کراین وەکو پاریزگار، سەرۆکی شارەدارییەکان و ئەمیندارییەتی پایتەخت لە وڵاتان و لەگەڵ بەشداری کردن لەو کۆنفرانسە، کە تەوەری سەرەکی گۆرانکارییەکانی کەشواهەیە، لە کاریگەری و لێکەوتەکانی گۆرانکاری کەشوهەوا، ئەمڕۆش ئەو کۆنفرانسە بەردەوام دەبێت و ئێوارە کارەکانی کۆتایی پێدێت، هەروەها ئەو دیدار و کۆبوونەوانەش دەکرێت، لە پەراوێزی کۆنفرانسەکە. دوای ئەوە پاریزگار و شارەدارییەکان و ئەمینداری پایتەخت و هەموو ئەو سەرکردە و بەرپرسانەی وڵاتان کە بانگهێشت کراون، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە ئیستە لە پاریسە، وەکو سەرۆکی هەرێم بەشداری مەراسیمی ئۆلۆمپیادی پاریس دەکەن. ئێمەش وەکو پارێزگار بەشدارین لەو مەراسیمە".

پارێزگاری هەولێر باسی لەوەش کرد، "بابەتی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و لێکەوتەکانی و پلانی حکوومەتەکان، پرسێکی جیهانییە، ئەو بابەت پەیوەست نییە بە ناوچەیەک و جوگرافیایەکی دیاری کراو لە جیهاندا. بەڵکو بابەتێکی گەرمی ڕۆژی پلان و ستراتیژی حکوومەتەکانە. بەشێکی گرنگی جێبەجێکردنی پلانەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکان و کەمکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوان، ئەوەش بەشێکی گرنگە لە کارنامەی هەموو حکوومەتەکانە".

"هەرێمی کوردستانیش لە کارنامەی حکوومەت، بەتایبەتی دوای کاریگەری گۆڕانکاری کەشوهەوا لە ناوچەکانی کوردستاندا کە ئاماژەکانی بەدیار کەوتوون. وەک لافاوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو بەشێک بوون لە گۆڕانکارییەکان،پلانی تایبەت بەخۆی هەیە". ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر وادەڵێت.

 

Fly Erbil Advertisment