ئەردۆغان پلانێکی نوێ بۆ لەکارخستنی شارەوانییەکانی جەهەپە جێبەجێ دەکات

K24 - هەولێر:
پرسی گەڕانەوەی قەرزی شارەوانییەکانی تورکیا تەوەرێکی گەرمی سیاسەتی تورکیایە و لەلایەن خۆیەوە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە، دەسەڵات بە ئەنجامدانی کودەتای دارایی تۆمەتبار دەکات.
لە دوای لێدوانێکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی لەبارەی وەرگرتنەوەی قەرزی شارەوانییەکان هەرای ناوەتەوە و سەرۆکی جەهەپە، کە گەورەترین پارتی تورکیایە و ئۆپۆزیسیۆنە ڕایگەیاندووە: هەوڵ دەدرێت کودەتا بەسەر شارەوانییەکانیانەوە بکرێت.
ئەردۆغان ڕایگەیاندووە: وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا دەست دەکات بە وەرگرتنەوەی قەرزی شارەوانییەکان، ئەم پێشهاتە نوێیە زەنگی مەترسییە بۆ ئەو شارەوانییانەی کە خاوەن قەرزێکی زۆرن و بڕی قەرزەکە لەلایەن وەزارەتەوە ڕاستەوخۆ لە داهاتی مانگانەیان دەگێڕدرێتەوە.
لەلایەن خۆیەوە، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە لە کۆتا هەڵبژاردندا لە 81 پارێزگای تورکیا توانییان شارەوانی 35 پارێزگا بەدەستبهێنن ڕایگەیاند، ئەردۆغان هەوڵ دەدات کودەتا بەسەر شارەوانییەکانیان بکات.
ئۆزەل گوتیشی: "ئەردۆغان هەوڵ دەدات کودەتا بەسەر شارەوانییەکانمان بکات. پارەکە لەلایەن ئاکپارتییەوە خەرجکراوە بەڵام دەیانەوێت ئێمە قەرزی پارە خەرجکراوەکان بدەین. پێشتریش شارەوانییەکان قەرزار بوونە، دەسەڵات دەیەوێت لەرێگەی وەرگرتنەوەی قەرزەکان دەست و قاچمان ببەستن بەڵام سەرناکەون".
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کار و بیمەی کۆمەڵایەتیی تورکیا، کۆی گشتی قەرزی شارەوانییەکان نزیکەی سێ ملیار دۆلارە، لە 67%ـی ئەو قەرزانە هی شارەوانییەکانی ژێر دەسەڵاتی جەهەپەن.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کار و بیمەی کۆمەڵایەتیی تورکیا، کۆی گشتی قەرزی شارەوانییەکان نزیکەی سێ ملیار دۆلارە، لە 67%ـی ئەو قەرزانە هی شارەوانییەکانی ژێر دەسەڵاتی جەهەپەن.