لە فەرەنسا هێرشکرایە سەر چەند هێڵێکی شەمەندەفەر و سووتێنران

لەکارکەوتنی بەشێک لە هێلەکانی شەمەندەفەر لە فەرەنسا
لەکارکەوتنی بەشێک لە هێلەکانی شەمەندەفەر لە فەرەنسا

K24 – هەولێر:

پێش دەستپێکردنی یارییەکانی ئۆڵمپیکی پاریس، لە فەرەنسا هێرشکرایە سەر چەند هێلێکی شەمەندەفەر و سووتێنران، جێگری وەزیری گواستنەوەی فەرەنساش ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی یارییەکانی ئۆڵمپیک، چەند تۆڕێکی هێلی شەمەندەفەر لە فەرەنسا ئاگریان تێبەردرا، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ و لەکارکەوتنی هێلەکانی شەمەندەفەر و بەشێک لە گەشتەکانیش هەڵوەشانەوە.

لەلایەن خۆیەوە، پاتریس ڤێرگرایەتێ، جێگری وەزیری گواستنەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە، بەڵام بەپێی ئەو زانیاری و بەڵگانەی لەبەردەستدان، بە مەبەست ئاگر لە هێلەکانی شەمەندەفەر بەردراوە.

جێگری وەزیری گواستنەوەی فەرەنسا گوتیشی: "هەموو ئەو زانیارییانەی هەمانن، نیشانیدەدەن، ئەوەی ڕوویداوە بە مەبەست بووە، هەموو ئەوانەی ڕوویانداوە لەیەک کاتدا بوون.  ئۆتۆمبێلێکیش لە باشووری ڕۆژهەڵات دۆزراوەتەوە، سەرنشینەکانی ناوی هەڵهاتوون. ماددەی سووتێنەریش لەو شوێنانە دۆزراوەتەوە. لێکۆڵینەوەش هێشتا بەردەوامە، بەڵام ئێستا هەموو ئاماژەکان دەری دەخەن، هێرشەکە سووتاندنی بەمەبەست بووە و کاتەکەشی جێگەی گومانە".

زیاتر لە 15 ملیۆن سەردانیکەر لە یارییەکانی ئۆڵمپیک بەشداردەبن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یەکەی بەگەڕخستنی هێڵەکانی شەمەندەفەریش دەڵێت، نزیکەی 800 هەزار کەس بەهۆی ڕووداوەکەوە کاریگەربوون، تاوەکو ئێستاش نەزانراوە کێ لەپشت ڕووداوەکەوەیە.

ئۆڵمپیکی پاریس، 33یەمین ئۆڵمپیکی جیهانییە و لە 26ـی تەمموز بە بەشداریی زیاتر لە 10 هەزار و 700 وەرزشوان دەستپێدەکات، تاوەکو 16ـی ئاب بەردەوام دەبێت، لەم پاڵەوانییەتەدا 32 وەرزشی جیاواز ئەنجامدەدرێن.