عەبدولقادر ئەحمەد: لەسەر پێشێلكردنی مافی كرێكاران 303 پڕۆژە دراونەتە دادگا

K24 – هەولێر:
ئەندامێکی مەکتەبی تەنفیزی لە یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، ڕایگەیاند: 270 کرێکار لە رێگەی لقەکانیانەوە سکاڵایان لەسەر پڕۆژەکان تۆمار کردووە.
عەبدولقادر ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی لە یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت: لەسەر پێشێلکردنی مافی کرێکاران 303 پرۆژە دراونەتە دادگا. ئاماژەی بەوەش کرد: 270 کرێکار لە ڕێگەی لقەکانیانەوە سکاڵایان لەسەر پڕۆژەکان تۆمار کردووە.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 182 هەزار کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتی پرۆژەی دەستەبەرکراو لە هەرێمی کوردستان، 51 هەزار پرۆژەی تێپەڕاندووە و زیاتر لە 182 هەزار کرێکاریش دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە.
ئەمەش لەکاتێكدایە محەممەد ئەمین حاجی، بەڕێوەبەری پلان و بەدواداچوون لە بەرێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ژمارەی کرێکاری خانەنشینکراو لە هەمان گەیشتووەتە 957 کەس کرێکار.
سەبارەت بە پارەی نێو سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ناوبراو گوتی: تاوەکو نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 گەیشتووەتە یەک ترلیۆن و 161 ملیار و 686 ملیۆن و 175 هەزار و 808 دینار، واتە نێزیکی 110 ملیار زیادی کردووە بەراورد لەگەڵ کوتایی ساڵی رابردوو.