لێبوردنی نێودەوڵەتی: لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی ئەرێنی بۆ مافی ئافرەتان نراوە

K24 – هەولێر:
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا دەربارەی مافەکانی ئافرەتان ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان ژمارەیەک هەنگاوی ئەرێنی لە ڕووی دەرکردنی یاساوە ناوە بۆ پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی خێزانی.
لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکیدا دەربارەی مافەکانی مرۆڤی لە عێراق، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەرنج دەخاتە سەر دۆخی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان و باس لەوەدەکات، کوشتنی ئافرەتان بەبیانووی شەڕەف کەمبووەتەوە و لە هەرێمی کوردستان، شێڵتەرەکان بوونەتە پەناگە بۆ ئەو ئافرەتانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانیی دەبنەوە.
لە ڕاپۆرتەکەی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا هاتووە؛ هەرێمی کوردستان ژمارەیەک هەنگاوی ئەرێنی لە ڕووی یاساییەوە گرتووەتەبەر بۆ پارێزگاریکردن لە ئافرەتان و کەمکردنەوەی توندوتیژی خێزانیی. هەروەها چەند پەناگەیەکی کاتی و هەمیشەیی لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە و لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە پارەدار دەکرێن بۆ پاراستن و داڵدەدانی ئەو ئافرەتانەی ڕووبەرووی توندوتیژی خێزانیی دەبنەوە.
ڕاپۆرتەکە جەختی کردووەتەوە لەسەر پێویستی دڵنیابوونەوەی حکوومەت لەوەی پەناگەکان بەشی پێویست پارەیان لەبەردەستدایە بۆ داڵدەدان و پاراستنی قوربانی و ئافرەتانی هەڵاتوو لە توندوتیژی.
لە بەشێکی دیکە ڕاپۆرتەکەیدا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشداوە، کەمکردنەوەی سزای بکوژ بە پاساوی شەڕەف لە هەرێمی کوردستان نەماوە، هەروەها حکوومەت یاسای تایبەت بە توندوتیژی خێزانی باشترکردووە.
هەر لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کوشتنی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە لە ساڵی 2023 نزیکەی 30 ئافرەت کوژراون، لەکاتێکدا ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2022 نزیکەی 45 ئافرەت بووە. هەروەها لە ساڵی 2023، زیاتر لە 18 هەزار و 620 کەیسی تووندوتیژیی خێزانی گەیشتووەتە دەستی داواکاریی گشتی.
هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ژمارەیەک ڕاسپاردەی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ باشترکردنی دۆخی ئافرەتان لەوانەش: ئەوانەی توندوتیژی خێزانی دەکەن بە زوویی دەستگیر بکرێن، مەرجی تۆمارکردنی داوای یاسایی لەسەر قوربانیانی توندوتیژی خێزانی لادەن و پەناگەی زیاتر بۆ ئەو ئافرەتانە دابین بکەن کە ڕووبەڕووی توندوتژی دەبنەوە.
زیاتر بخوێنەوە: دیدگای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ مافی ئافرەتان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی