ئۆباما پشتیوانی لە بەربژێربوونی کامالا هاریس دەکات

K24 – هەولێر:
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا و میشێل ئۆبامای هاوسەری لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پشتیوانی خۆیان بۆ کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە راگەیاند.
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا و میشێل ئۆبامای هاوسەری، پەیوەندییان بە کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی وڵاتەکە کرد و ڕایانگەیاند، "شانازیت پێ دەکەین و ئەوەی لە تواناماندابێت دەیکەین تا ببی بە سەرۆکی ئەمەریکا."
ڕۆژی 21ـی تەمووزی 2024 جۆ بایدن، لە نامەیەکی کراوەدا، کشانەوەی خۆی لە کێبهركێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد: لە کاتێکی دیکەی ئەم هەفتەیە زیاتر لە بارەی ئەو بڕیارەوە قسە دەکات.
بایدن لە نامەکەیدا، ئاماژەی بە کارەکانی ماوەی سێ ساڵ و نیوی ڕابردوو کردووە کە وەک سەرۆکی ئەمەریکا کردوویهتی و ڕایگەیاندووە: شانازییەکی گەورەی ژیانی بووە کە وەک سەرۆک توانیویەتی خزمەتی ئەمەریکاییهکان بکات.
بایدن باسی لەوە کردبوو: ئەمەریکا ئێسته خاوەنی بەهێزترین ئابوورییە لە جیهاندا و وەبەرهێنانی مێژووییان لە بنیاتنانەوەی نەتەوەکەیاندا کردووە، هاوکات کاریان کرد بۆ کەمکردنەوەی نرخی دەرمان بۆ کەسانی بەساڵاچوو، هەروەها چاودێریی تەندروستی گونجاویان بۆ ئەمەریکییەکان فرهوان كردووه و یەکەم ئافرهتیی ڕەشپێستی ئەمەریکایی بۆ دادگهی باڵا دەستنیشان کردووە.
بایدن نووسیویەتی: ئەوەی بە دەست هاتووە بە بێ پشتیوانی گەلی ئەمەریکا نەدەکرا و باسی لە پەتای کۆرۆنا و قەیرانی دارایی جیهانی کردووە و ڕایگەیاندووە، توانیویانە بە سەرکەوتوویی تێیی پەڕێنن. هاوکات بایدن جەختی کردووەتەوە کە دیوکراسی وڵاتەکەی پاراستووە و توانیویەتی هاوپەیمانییەتی وڵاتەکەی لە سەرانسەری جیهاندا بەهێز بکاتەوە.
بایدن لە نامەکەیدا بۆ گەلی ئەمەریکا دەڵێت: گەورەترین شانازی ژیانم بووە کە وەک سەرۆک خزمەتی گەلەکەی بکات و مەبەستی بووە دووبارە خۆی کاندید بکاتەوە، بەڵام لە بەرژەوەندی حزبەکەی و وڵاتەکەیدایە، دەستبەرداری ئەوە بێت و سەرنجی تەنیا لەسەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانی دەبێت، لەو ماوەیەی ماویهتی وەک سەرۆکی ئەمەریکا.
بایدن ئاشکرایشی کردووە: لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بە وردی باس لە ناوەڕۆکی ئەو بڕیارەی دەکات بۆ گەلی ئەمەریکا و سوپاسی خۆیشی بۆ هەموو ئەوانە دەربڕیوە لە ماوەی ڕابردوو کاریان بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی کردووە، هاوکات سوپاسی کامالا هاریسی کردووە کە لە کارەکانیدا وەک جێگری سەرۆک هاوبەشی بووە.
Earlier this week, Michelle and I called our friend @KamalaHarris. We told her we think she’ll make a fantastic President of the United States, and that she has our full support. At this critical moment for our country, we’re going to do everything we can to make sure she wins in… pic.twitter.com/0UIS0doIbA
— Barack Obama (@BarackObama) July 26, 2024