50 هەزار زیارەتکاری پاکستانی دیارنەماون؛ حکوومەتی عێراقیش دەڵێت بەبێ ڤیزا هاتوون و نەگەڕاونەتەوە

K24 – بەغدا:
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا بەدواداچوون بۆ پرسی مانەوەی گەشتیارانی ئایینی پاکستانی لە عێراق دەکات و ڕایگەیاند: ژمارەیەکی زۆر لەو پاکستانییانە لە بەغدا کاردەکەن کە هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی و مۆڵەتی کارکردنیان نییە.
دوای ئەوەی پرسی دیارنەمانی 50 هەزار هاووڵاتیی پاکستانی لە عێراق دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، هەردوو حکوومەتی عێراق و پاکستان دانیان بە نەگەڕانەوەی ئەو پاکستانییانە دا کە وەک زیارەتکاری ئایینی بەبێ ڤیزا هاتوونەتە عێراق و نەگەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، حکوومەتی پاکستانی هەوڵ بۆ توندکردنی ڕێوشوێنەکانی گەشتیکردنی زیارەتکارانی شیعە مەزهەبی وڵاتەکەی بۆ عێراق دەدات و لەلایەن خۆشیەوە، عێراق لە دەروازە سنوورییەکانیدا، ڕێوشوێنەکانی هاتنی پاکستانییەکانی بۆ وڵاتەکەی توندتر دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتییانی پاکسانی لە مەڕاسیمەکانی عاشوورا لە ماوەی ڕابردوو هاتوونەتە عێراق کە سوودیان لە بڕیارێکی حکوومەتی عێراقی وەرگرتووە بۆ زیارەتکردن بەبێ ڤیزا بێنە عێراق و شوێنی مانەوە و خواردنیان لەماوەی ڕێوڕەسمەکانی عاشوورا بۆ دابین کراوە.
وەزیرێکی پاکستان ڕایدەگەیەنێت 50 هەزار زیارەتکاری وڵاتەکەیان لە عێراق دیارنەماون، داواش لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی هاووڵاتییانیان بکەن.
ژمارەیەکی زۆر لە گەشتییارانی وڵاتان بەڤیزای بێ بەرامبەر بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی عاشوورا سەردانی عێراقیان کردووە لەو چوارچێوەیەدا وەزیرێکی پاکستان ڕایدەگەیەنێت: 50 هەزار زیارەتکاری وڵاتەکەیان لە عێراق نادیارن و داواش لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی هاووڵاتییانیان بکەن.
لەیەکەم کاردانەوەشدا ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: "بەدواداچوون بۆ هەواڵی دزەپێکردنی 50 هەزار گەشتیاری پاکستانی دەکەین و ڕێکاری یاساییان لەدژ دەگرینەبەر."
ناوبراو نیگەرانی خۆی لە زیادبوونی ژمارەی کرێکارانی نایاسایی لەو وڵاتە دەردەبڕێت و ئاماژەی بەوە کردووە: ئەم دیاردەیە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری نیشتمانی و توانای کێبڕكێکردن لە بازاڕی عێراق دروست دەکات.
دووپاتیشی دەکاتەوە، وەزارەتەکەیان هەموو ڕێوشوێنێک دەگرێتەبەر بۆ دۆزینەوەی کرێکارانی نایاسایی و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لەدژیان.
هەروەها داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات رێکاری پێویست بۆ پاراستنی سنوورەکان لە هاتنی گەشتیاری نایاسایی و کرێکاری نایاسایی بگرنەبەر.