یەکەم وڵاتی گرووپی G7  بڕیاری دا باڵیۆزخانەکەی لە سووریا بکاتەوە

سووریا
سووریا

لە ساڵی 2012، ئیتالیا هەموو کارمەندەکانی باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق کشاندەوە و چالاکییە دیپلۆماسیییەکانی لەو وڵاتە ڕاگرت، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک بوو بەرامبەر بە توندوتیژییەکانی ڕژێمی ئەسەد.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، لە بەردەم لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەماندا، نیازی ڕۆمای بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سووریا ڕاگەیاند، ئەمەش بۆ ڕێگری  کردنە لە قۆرخکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

مۆسکۆ، بە پشتیوانێکی سەرەکیی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا دادەنرێت، کە سەرەڕای دابڕان و لێکترازانی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتان و کوژران و برینداربوونی خەڵکی مەدەنی، تا ئێستا لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە.

تاجانی ئاماژەی بەوەش کرد، سیاسەتی یەکێتیی ئەورووپا لە سووریا "دەبێت لەگەڵ پەرەسەندنی دۆخەکەدا خۆی بگونجێنێت"، دەشڵێ: ئیتاڵیا پشتیوانیی لە نەمسا، کرواتیا، یۆنان، کۆماری چیک، سلۆڤینیا، قوبرس و سلۆڤاکیا وەرگرتووە.

بەڵام ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بەو کارە ڕانەگەیاندووە، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەکانە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.

لە ساڵی 2011، خۆپیشاندان دژی بەشار ئەسەد دەستی پێ کرد، ئەویش بە توندوتیژی و سەرکوتکردن ڕووبەڕوویان بوەوە، شەڕێکی ناوخۆی هەمەلایەنە سەری هەڵدا، هەروەها ململانێکانی سووریا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس، نیوەی دانیشتوانی ئەو ولاتەش کە دەکاتە زیاتر لە شەش ملیۆن کەس،  ئاوارە بوون.

 

Fly Erbil Advertisment