دانیشتووانی وانکێ داوای خزمەتگوزاریی لە حکوومەت دەکەن

دەروازەی شارەدێی وانکێ لە دەشتی نەینەوا
دەروازەی شارەدێی وانکێ لە دەشتی نەینەوا

دانیشتووانی شارەدێی وانکێ و گوندەکانی دەروروبەری لە سنووری دەشتی نەینەوا، داوای خزمەتگوزاری زیاتر بۆ ناوچەکەیان لە حکوومەتی عێراق دەکەن بۆ ئەوەی ناوچەکەیان لەو دابڕان و پەراوێزخرانەیە هەیە، دەربازی بێت.

سەدان لاوی شارەدێکە کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەن، بەهۆی دانەمەزراندن و نەبوونی هیچ پرۆژەیەک لە ناوچەکەیان، کاتەکانی ڕۆژانەیان بەبێ کاری بەڕێ دەکەن و دەڵێن:حکوومەتی عێراق ناوچەکەمانی پشتگوێ خستووە.

وەعدوڵڵا مستەفا، لاوێکی بێکارە دەڵێت: شارەدێی وانکێ لە هەموو لایەنێکەوە هەژارە، چەندین لاوی دەرچووی هەیە تاوەکوو ئێستا دانەمەزرێنراون، جگە لەمەش ساڵانە ژمارەی دەرچووان لە زیادبوونە، هەربۆیە داوای دامەزراندن دەکەین، چونکە زیاتر لە 20 ساڵم خوێندووە و خۆم ماندوو کردووە کەچی ڕەنجی خوێندن و ماندوو بوونەکەم بە خەسارچووە.

وانکێ، لە ساڵی 1970 ـەوە کراوەتە شارەدێ، بەڵام لە زۆربەی خزمەتگوزارییە بنەرەتییەکان بێبەشە، لەوانە نەخۆشخانەی گشتی، و لەلایەنی تۆڕی کارەبا و ڕێگەوبانیشەوە ناوچەکە تەواو پەرێشانە.

لەمبارەوە هاووڵاتییەکی دانیشتووی شارەدێکە بە ناوی سەید عەلی دەڵێت:ئێمە پێویستیمان بە نەخۆشخانەیەکە و پێویستیە پەلە بکرێت لە دروستکردنی، چونکە جیا لە دانیشتووانی سەنتەری شارەدێکە، 31 گوند و سێ ناوچەی دیکە لەخۆ دەگرێت.

ئەو پردە ئاسنییەی لە نێوان هەردوو شارەدێی وانکێ – زوممار هەیە هێندە کۆنە و هەندێک جار بەهۆی زیاتر بەردانەوەی ئاوی بەنداوی مووسڵ، پردەکە ژێر ئاو دەکەوێت ڕێگەی هاتووچۆی نێوان هەردوو شارەدێکە بە تەواوی دەپچڕێت.

یەكێک لە کەسایەتییەکانی شارەدێی وانکی بە ناوی ڕەمەزان مەحموود دەڵێت: پردە ئاسنییەکەی نێوان زوممار و وانکێ بە پردی دوبەی ناسراوە و داواکارین حکوومەت ڕێگەکەکە چاک بکاتەوە و پردێکی کۆنکرێتی بەرزتر لە شوێنەکەی دروست بکات، بۆ ئەوەی کێشەی هاتووچۆی ناوچەکە بە تەواوی چارە بێت.

شارەدێی وانکێ لە دەشتی نەینەوا سەر بە شارۆچکەی تلکێفە و یەکێکە لەو شوێنانەی پێکەوە ژیانی نەتەوەی کورد و عەرەب لە ڕووی ئاینییشەوە ئیسلام و ئێزدی تێدا ڕەنگی داوەتەوە، کۆی دانیشتووانەکەشی بە سەنتەری شارەدێکە و هەر 30 گوندەکەیەوە نزیکەی 50 هەزار کەس دەبێت.