ئاگر لە دوو ناوچەی جیاوازی بەسرە کەوتەوە
ئاگرێکی گەورە لە چەند دووکانێکی ناوەڕاستی شاری بەسرە کەوتەوە؛ هاوکات لە ناوچەی ئەلمەقەلیش بزوێنەری کەشتییەک سووتا.
بەرەبەیانیی شەممە، 27-07-2024، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ئاگرێکی گەورە لە چەند دووکانێکی فرۆشتنی کەرەستەی بیناسازی، لە ناوەڕاستی شاری بەسرە کەوتەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە پەیامنێری کوردستان24 لە بەسرە، ڕایگەیاند "تیمەکانی بەرگریی شارستانیی توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام تاوەکوو ئێستا نازانرێت ڕووداوەکە زیانی گیانی هەیە یان نا و قەبارەی زیانە ماددییەکان چەندە؟
پەیامنێری کوردستان24 ئەوەشی خستە ڕوو، "ژمارەیەکی زۆر ماددەی 'زوو گڕگرتووی بیناسازی' لەنێو دووکانەکاندا هەبوون، ئەمەش وایکردووە ئاگرەکە گەورەبێت و نەتوانرێت لە ماوەیەکی کەمدا کۆنترۆڵ بکرێت".
هەر لە بەسرە، پێشنیوەڕۆی شەممە، 27-07-2024، ئاگر لە بزوێنەری کەشتیی "ئیبن خەلدون"ـی لە کار کەوتوو، لە ناوچەی ئەلمەقەل کەوتەوە؛ چەند کاتژمێرێک دواتر لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی کۆنترۆڵ کرا و تا ئێستە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە نازانرێت.